په‌رله‌مانی كوردستان هۆشداری ده‌داته عه‌بادی
په‌رله‌مانی كوردستان: پێویسته به‌زووترین كات ده‌رفه‌تی دانووستاندن لەنێوان هه‌ولێر و به‌غدا بڕەخسێنرێت و حکومەتی عێراق لە راگەیەندراوی میدیایی و راڤەکردنی تاکلایەنانەی ماددە دەستوورییەکان دووربکەوێتەوە
K24- هه‌ولێر:
په‌رله‌مانی كوردستان له‌به‌رامبه‌ر به دواخستنی دانووستان و هه‌ڕه‌شه‌كانی به‌رامبه‌ر هه‌رێمی كوردستان هۆشداری ده‌داته عه‌بادی.
پەرلەمانی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا داواده‌كات به‌زووترین كات ده‌رفه‌تی دانووستاندنی راشکاوانە لەنێوان هه‌ولێر و به‌غدا بڕەخسێنرێت و حکومەتی عێراق دووربکەوێتەوە لە راگەیەندراوی میدیایی و راڤەکردنی تاکلایەنانەی ماددە دەستوورییەکان، بەبێ وەرگرتنی راو سەرنجی لایەنی ھەرێمی کوردستان.
پەرلەمانی کوردستان دەشڵێ حکومەتی ھەرێمی کوردستان و پەرلەمان ئەوپەڕی پشتیوانیی خۆی بۆ ھەرچی زووتر دەستپێکردنی دانووستاندنەکان دووپاتکردۆتەوە، بەھەموو شێوەیەک پاڵپشتی لە ھەر ھەنگاو و رێکارێک دەکات کە حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە گونجاوی دەزانێت و سەر پشکی کردووە، ئه‌مه‌ش لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیی گەلی کوردستان و کۆتاییھێنان بە ناکۆکییەکان، بەڵام لە به‌شێكی لێدوانەکانی عەبادیدا دەبیندرێت زمانی ھەرەشە و ھەنگاوی یەکلایەنانە گومان دەخاتە سەر نییەتی فەرمی حکومەتی عێراقی فیدڕال و ھێشتنەوەی دۆخەکە بەمجۆرەی ئێستا، کە ئەمەش پێچەوانەی دەستوور و یاسا و رێککەوتنە ھاوبەشەکانە.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی په‌رله‌مانی كوردستاندا هاتووه، لەمڕووەوە پەرلەمانی کوردستان ھۆشداریی تەواوەتی دەدات لە زیاتر دواخستنی دانووستاندنەکان و ئەو شێوازه ھەڕەشانەی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بەرامبەر ھەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێن، بەوەی خزمەت بە دۆخەکە و پابەندبوون بە دەستوور ناکات.