"ئەگەر هەوڵ بۆ پاشهكشهی زیاتری پیشمەرگە بدرێت شەڕ و پێکدادان روو دەدات"
نوێنهری حكومهتی ههرێمی كوردستان داوای رۆڵی كاراتر له ئهمریكا دهكات
K24 - ههلێر:
حکومەتی ههرێمی كوردستان داوا لە ئەمریکا دهكات لە دانوستانەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک رۆلێکی کاراتر بگێڕێت.
لە دیمانەیکەدا لەگەڵ رۆژنامهی واشنتن تایمزی ئهمریكی، بهیان سامی عهبدولڕهحمان، نوێنهری حكومهتی ههرێمی كوردستان لە ئەمریکا هۆشداریدەدا ئەو ئاگربەستەی لەنێوان عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە رەنگە بەردەوام نەبێت و ئەگەر هەوڵ بدریت پیشمەرگە لەوە زیاتر بۆناو سنوورەکانی کوردستان پاشەکشەیان پێ بکرێت، ئەوا شەڕ و پێکدادان روو دەدات.
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا هۆشداری دەدات ئاگربەستی نێوان هەولێر و بەغدا زۆر سستە و رەنگە هەڵبوەشێتەوە و ئەگەر ئەمە روو بدات دەرئهنجامی خراپی لێبكهوێتهوه چونكه ههروهكو بهیان سامی عهبدولڕهحمان دهڵێ، هێزهكانی حهشدی شهعبی ژمارەیەکی یەکجار زۆر هێزیان لەناوچەكانی ھەرێمی كوردستانی بە ئامانجی لێدانی کورد جێگیر كردوون.
لە دیمانەیەکدا لەگەڵ رۆژنامەی واشنتن تایمزدا، بەیان سامی دەڵێ تا ئێستا ئهمریكا نهیویستووه تێكهڵاوی كێشهی نێوان نێوان هەرێم و بەغدا بكات و ئەمەش وایكردووە واشنتن کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەبێت بۆ رەواندنەوەی ترسی کورد لە هێرشی خوێناویی حهشدی شهعبی پاش ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان.
نوێنەری حکومەتی هەرێم ئاماژە بەوەدەكات راگەیەندراوەکانی ئەمریکا لەبارەی ئاڵۆزییەكانی ئەمدواییە زۆر باشن بەڵام پێویستە لەبواری قسەكردن دەربچن و جێبەجێ بکرێن.
رۆژنامەکە هەروەها ئاماژە بەوە دەدات کە بە پێچەوانەی داخوازییەکانی کورد لە ئەمریکا بۆ پچراندنی هاوکارییە سەربازیی و ماددیەکانی بۆ بەغدا وەک پشتگیرییەک لە دۆزی کورد، ئامریکا بە ئاشکرا رایگەیاندووە نایەوێت هیچ کام لە لایەنەکان بە زۆر ملکەچی سازش بکات. بەڵکو دەیەوێت رێگەخۆشکەر بێت بۆ ئەوەی هەر دوو لا بە گفتگۆ کێشەکان چارەسەر بکەن.
کاربەدەستێکی ئیدارەی ئەمریکاش بە رۆژنامەی واشینتن تایمزی راگەیاندووە ئەمریکا بەردەوام لەسەر هێڵە بۆئەوەی ئاڵۆزییەکانی نێوان هەر دوولا لەوە زیاتر پەرە نەسەنێت و کوردستان و عێراق بە دوو هاوپەیمانی گرینگی ئەمریکا ناو دەبات.
بەیان سامی ئاماژە بەوە دەدات هەرچەندە ئەمریکا لە قووڵایی کێشەکە تێگەیشتووە بەڵام هیچ پێشکەوتنێک رووی نەداوە و ئەوەی دەبینرێت کوردە کە چواردەوری بە هێزی عێراقی و میلیشاکانی ئێرانی گیراوە و لەناوخۆدا توشی قەیرانێکی ئابووری بووە کە سات بە سات قووڵتر دەبێتەوە.
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان هەروەها ئاماژە بەوە دەدات پێوەندییەکانی نێوان کوردستان و رووسیا کە لە سەردەمی مەلا مستەفا بارزانییەوە دەستیان پێ کردووە، لەم قۆناغەدا بەرەو پێشەوە دەچن. بەڵام رەتی کردەوە رووسیا ببێتە جێگروەوەی ئەمریکا لە ریزبەندی پێوەندییەکانی هەرێمی کوردستاندا. جەختیش دەکاتەوە کوردستان و ئێراق کەوتوونەتە ناو سنووری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو لایەنێک وەک ئێران و تورکیا و رووسیا هەوڵ دەدەن کاریگەریی خۆیان لەم ناوچەیە بسەپینن. دەشلێت رووسیا رۆڵێکی کارای لەناو هەرێمی کوردستاندا هەیە و خۆی لە تانەدانی فەرمی لە ئەنجامدانی ریفراندۆم لە کوردستان بە دوور گرتووە.