كارگێڕی شه‌مه‌نده‌فه‌رێك له ژاپۆن داواى لێبوردن له سه‌رنشینانی ده‌كات
له به‌رامبه‌ر رووداوێك كه له هه‌موو جیهان ئاساییه ژاپۆن نه‌بێت
K24 - هه‌ولێر:
ده‌سته‌ی كارگێڕی شه‌مه‌نده‌فه‌ری "تسوكوبا ئێكسپرێس" كه له‌نێوان تۆكیۆ و ئیاراكی كارده‌كات و ماوه‌ی نێوانییان 58 كیلۆمه‌تره، داوای لێبوردنی له سه‌رنشینان كرد، له به‌رامبه‌ر رووداوێك، كه له زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان ئاساییه، ژاپۆن نه‌بێت.
هۆكاری داواى لێبوردنی ده‌سته‌ی كارگێڕی شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كه، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه كه له وێستگه‌ی "مینامی ناگاریاما" ته‌نها 20 چركه زووتر به‌ڕێكه‌وتووه.
شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كه نزیكه‌ی 20 وێستگه‌ی هه‌یه و له یه‌كه‌م وێستگه‌ش كاتژمێر 9:43:40 به‌ڕێكه‌وتووه، له جیاتی 9:44:00، واتا ته‌نها 20 چركه زووتر له كاتی خۆی.
به گوێره‌ی رۆژنامه‌ی "جاپان توده‌ی" كارگێڕی شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كه، راگه‌یه‌ندراوێكی فه‌رمی له‌و باره‌یه‌وه بڵاوكردووه‌ته‌وه و تێیدا ده‌ڵێت: "رۆژی 14ی تشرینی دووه‌م/ نۆڤه‌مبه‌ر (سێشه‌ممه)، شه‌مه‌نده‌فه‌رێكی كۆمپانیای (میترۆپۆلیتان ئینته‌رسیتی) 20 چركه زووتر له واده‌ی دیاریكراوی خۆیدا وێستگه‌ی مینامی ناگاریامای جێهێشتووه".
كۆمپانیاكه له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ده‌شڵێت: "زۆر داوای لێبوردن له‌و كه‌سانه ده‌كه‌ین كه بووینه هۆی بێزاركردنییان".