بۆچی ئێران له وه‌سیه‌ته‌كانی ره‌فسه‌نجانی ده‌ترسێت
ره‌فسه‌نجانی: یه‌ك لاپه‌ڕه‌ی به‌ڵگه‌كان به‌سه بۆ كۆتاییهێنانی خامه‌نه‌یی
K24 - هه‌ولێر:
عه‌لی ئه‌كبه‌ر هاشمی ره‌فسه‌نجانی، به دوو شێوه باس له وه‌سیه‌ته گرنگه‌كانی خۆی ده‌كات و له‌لای كه‌س نزیكه‌كانیشی، وه‌كو راوێژكاره سیاسییه‌كه‌ی، غولام عه‌لی ره‌جائی، به‌ر له مردنی گوتوویه‌تی: "باڵی خامه‌نه‌یی، له بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و زانیارییانه ده‌ترسن كه له‌لای من هه‌ن و ده‌زانن رۆژێك دادێت ئاشكرایان ده‌كه‌م".
ره‌فسه‌نجانی هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "بڵاوبوونه‌وه‌ی ته‌نها یه‌ك لاپه‌ڕه‌ی ئه‌وانه‌ی من نووسیومن، به‌سه بۆ بۆ تیكشكاندنی هه‌موویان".
به گوێره‌ی راپۆرتێكی وێبسایتی "العربیة"، ره‌جائی، كه كه‌سێكی نزیكی ره‌فسه‌نجانی بووه، ئه‌و زانیارییانه‌ی ئاشكرا كردووه و راستی و درووستی بوونی ئه‌و وهسیهتانهش ده‌سه‌لمێنێت، كه باڵی خامه‌نه‌یی شاردوویه‌تییه‌وه و ره‌فسه‌نجانی ساڵێك به‌ر له مردنی نووسیویه‌تی.
ره‌جائی، راوێژكاری ره‌فسه‌نجانی له ئه‌نجوومه‌نی ده‌ستنیشانكردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئێران، ئه‌وه‌شی ئاشكرا كردووه، كه سه‌رۆكی پێشووتری ئێران، به‌رده‌وام هه‌واڵ و زانیارییه نهێنییه‌كانی له شوێنێكی تایبه‌ت ده‌نووسی و پێی وابوو، نابێت ئه‌و زانیارییانه تا دوو سێ ده‌یه‌ی داهاتوو ئاشكرا بكرێن.
خێزانه‌كه‌ی ره‌فسه‌نجانی ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی ئێران به دزین و شاردنه‌وه‌ی وه‌سیه‌ته‌كانی سه‌رۆكی پێشووتری ئێران تۆمه‌تبار ده‌كات، فاتیمه‌ی كچی ره‌فسه‌نجانی ده‌ڵێت، ده‌زگا ئه‌منییه‌كان ده‌ستییان به‌سه‌ر ته‌واوی ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌دا گرتووه كه باوكی نووسیویه‌تی، كه هه‌ندێكیان وه‌سیه‌ته "گرنگه‌كانن" و تاران ده‌یانشارێته‌وه.
فاتیمه له گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی "جهان صنعت" ده‌ڵێت: "ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی ئێران له رۆژی كۆچی دوایی باوكم، هاتن و ده‌ستییان به‌سه‌ر ته‌واوی به‌ڵگه‌نامه‌كاندا گرت و له‌گه‌ڵ خۆیان بردیان".
له دوایین لێدوانی ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌یدا، یاسر كوڕی، عه‌لی ئه‌كبه‌ر هاشمی ره‌فسه‌نجانی رایگه‌یاندووه، ئه‌وان به دوای وه‌سیه‌ته‌كانی باوكیاندا ده‌گه‌ڕێن كه به‌ر له مردنی تۆماری كردوون.
هه‌رچی فاتیمه‌ی كچی ره‌فسه‌نجانییه، بۆ رۆژنامه‌كه ئاشكرای كردووه، ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئێرانی، راپۆرتێكی له باره‌ی كۆچی دوایی باوكی ئاماده كردووه، به‌ڵام ئه‌وان ره‌تیانكردووه‌ته‌وه بڵاوبكرێته‌وه، چونكه راپۆرته‌كه روون نییه، به‌تایبه‌تیش له رووی ئه‌و به‌ڵگانه‌ی له باره‌ی كۆچی له ناكاوی باوكییان خراونه‌ته‌ڕوو.
هه‌رچه‌نده ته‌له‌ڤزیۆنی فه‌رمی ئێران، به‌شێك له وه‌سیه‌ته‌كه‌ی ره‌فسه‌نجانی خوێندووه‌ته‌وه، به‌ڵام فاتیمه‌ی كچی رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌وه ته‌واوی وهسیهتهكه نییه كه 17 ساڵ به‌ر له‌ئێستا نووسراون، واتا به‌ر له سه‌رهه‌ڵدانی ناكۆكییه‌كان له‌گه‌ڵ باڵی توندره‌وی ئێران، نووسینی وهسیهتهكانیش بوونه‌ته هۆی له‌ده‌ستدانی زۆر پۆست و ده‌سه‌ڵات، له سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه پۆستی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی شاره‌زایان.
ناكۆكی نێوان باڵی توندڕه‌وی نزیك له خامه‌نه‌یی و ره‌فسه‌نجانی، دوای ئه‌وه هات عه‌لی ئه‌كبه‌ر هاشمی پاڵپشتی بزووتنه‌وه‌ی سه‌وزی كرد له هه‌ڵبژاردنه‌كانی 2009 و رایگه‌یاند، باڵی خامه‌نه‌یی، له به‌رژه‌وه‌ندی مه‌حموود ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد ساخته‌كاری له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا كردووه.
دوای هه‌ڵبژاردنیش ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی ئێران ده‌یان كه‌سیان كوشت و به هه‌زاران كه‌سیشیان ده‌ستگیركرد، هاوكات هه‌ریه‌ك له مه‌هدی كه‌رووبی و میر حوسه‌ین موسه‌وی، سه‌ركرده‌ی بزووتنه‌وه‌ی سه‌وز، له ماڵه‌كانییان ده‌ستبه‌سه‌ر كران و خرانه ژێر چاودێرییه‌وه.