حكومه‌تی به‌غدا فه‌رمانبه‌ره كورده‌كان له خانه‌قین ده‌گوازێته‌وه بۆ دیاله
دوای ئه‌نجامدانی ریفراندۆم وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق بڕیاری گواستنه‌وه‌ی61 فه‌رمانبه‌ری كوردی له كۆگای خانه‌قین بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی دابه‌شكردنی سووته‌مه‌نی دیاله‌ی ده‌ركردووه
K24- هه‌ولێر:
هه‌وڵه‌كانی حكومه‌تی به‌غدا بۆ لابردنی فه‌رمانبه‌ری كورد له جومگه هه‌ستیاره‌كاندا به‌رده‌وامن، به تایبه‌ت ئه‌و دامه‌زراوه و فه‌رمانگانه‌ی په‌یوه‌ندیان به داهاته‌وه هه‌یه. له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا له چه‌ند رۆژی رابردوودا، حكومه‌تی عێراق بڕیاری گواستنه‌وه‌ی بۆ 61 فه‌رمانبه‌ری كورد له كۆمه‌ڵگای كۆگای نه‌وتی خانه‌قینی سه‌ر به وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی دابه‌شكردنی نه‌وتی دیاله ده‌ركردووه.
به‌ڕێوه‌به‌ری یه‌كێك له ژووره‌كانی ئه‌و كۆگایه كه نه‌یویست ناوی ئاشكرا بكرێت رایگه‌یاند، دوای ئه‌نجامدانی ریفراندۆم له خانه‌قین، وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق بڕیاری گواستنه‌وه‌ی61 فه‌رمانبه‌ری كوردی له كۆگای خانه‌قین بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی دابه‌شكردنی سووته‌مه‌نی دیاله‌ی ده‌ركردووه.
هه‌روه‌ها گوتی، دوای سه‌ردانه‌كه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شی به‌رهه‌مه نه‌وتیه‌كانی دیاله بۆ خانه‌قین له‌دوای كۆنترۆڵكردنی ناوچه‌كه له‌لایه‌ن سوپا و حه‌شدی شه‌عبیه‌وه، فه‌رمانبه‌ران ئه‌و فه‌رمانه‌یان ره‌تكردۆته‌وه و به باشیان زانی به نوێنه‌رانی كورد له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای دیاله رابگه‌یه‌نن، كار بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و بڕیاره بكه‌ن، به‌ڵام هه‌وڵه‌كانیان بێ سوود بوون.
هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه زاهد تاهیر ئه‌ندامی هاوپه‌یمانی كوردستانی له ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای دیاله له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، ئه‌و له‌گه‌ڵ فه‌رهاد قادر ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ڕێگه‌ی ته‌له‌فۆنه‌وه په‌یوه‌ندیان به كازم موسه‌یه‌ر یاسین به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی دابه‌شكردنی به‌رهه‌مه نه‌وتیه‌كان له وه‌زاره‌تی نه‌وت و موسه‌نا ته‌میمی پارێزگاری دیاله‌وه كردووه، بۆ راگرتنی ئه‌و بڕیاره، به‌ڵام هه‌وڵه‌كانیان بێ ئه‌نجام بوون.
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای دیاله گوتیشی، ئه‌وان ده‌ره‌نجامه نهرێنیهكانی ئه‌و بڕیاره‌شیان بۆ لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار روونكردۆته‌وه.
دوای هێرشه‌كه‌ی حه‌شدی شه‌عبی بۆ سه‌ر ناوچه كوردستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم، به به‌رده‌وامی حكومه‌تی به‌غدا هه‌وڵی گۆڕینی هه‌یكه‌لی ئیداری له‌و ناوچانه ده‌دات.