ھەوڵێکی یەکێتی بۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووك شکستی ھێنا

رێژەیی یاسایی تەواو نەبوو

K24 - ھەولێر

هەوڵێکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک شکستی هێنا.

پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، بڕیار بوو ئەمڕۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووك بە سەرپەرشتی ئەڵماس فازڵ، بڕیاردەری ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکی سەر بە یەکێتی لە کەرکووك کۆببێتەوە، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی فراکسیۆنەکانی عەرەب و تورکمان هەوڵی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک شکستی هێنا.

پەیامنێری کوردستان24 گوتیشی، حەوت ئەندامی یەکێتی و دوو ئەندامی یەکگرتوو و عەرەبێك ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون و بەو پێیەش رێژەی یاسایی بۆ کۆبوونەوەکە تەواو نەبوو.

پەیامنێری کوردستان24 هەروەها گوتی، یەکێتی لە هەوڵەکانی بۆ رازیکردنی عەرەب و تورکمانەکان بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووك بەردەوامە.

لە دوای رووداوەكانی 16 ئۆكتۆبەر و داگیركردنی كەركووك لەلایەن حەشدی شەعبی، ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ھیچ كۆبوونەوەیەكی ئەنجام نەداوە و سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگا و 14 ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە ھەولێر و شارەكانی دیكەی كوردستان نیشەجێن.