سەرما رەوشی ھاووڵاتیانی سەرپێلی زەھاوی دژوارتر كردووە

ژیانی سەدان منداڵ لە مەترسیدایە

K24 - ھەولێر

وەرزی سەرما لە كوردستان بەگشتی دەستی پێكردووە، بومەلەرزە لێدراوانی سەرپێلی زەھابی رۆژھەڵاتی كوردستان لەدۆخێكی دژواردا دەژین و دەڵێن، ئەو خێمانە ناتوانن لەسەرمای زستان بیانپارێزن.

دەیان ھەزار كەس لەسەرماو تەروتوشیدا لەخێمەیەكدا دەژین كە زۆربەیان لەھاوینان بۆ گەشت و پشوودان بەكاردێن، ھەربۆیە دەڵێن چیتر چاوەرێی حكومەت ناكەن، خۆیان قۆڵیان لێ ھەڵماڵیوە، بۆ ئەوەی بەھەرچی لەبەردەستیانە پەنایەكی قائیمترو گەرمتر لەو خێمانە دروست بكەن.

سەرما و نەبوونی پەناگەیەك ھەڕەشە لە تەندروستی ئەو خەڵكە و بەتایبەت منداڵان دەكات، وەك خۆیان ئاماژەی بۆ دەكەن، ئەگەر لانیكەم كانێكسیان بۆ دابین نەكرێت، سەرمای ئەمساڵ كە لەو ناوچەیە شەش مانگ بەردەوام دەبێ، رەنگە كارەساتی ناخۆشتر لەخودی بومەلەرزەكەیان بەسەر بھێنێت. ئەوان دەڵێن چاویان لە یارمەتییەكانی خەڵكە، كە وەكوو چۆن خەمی خۆراك و پەتانی و پۆشاكیان بۆ نەھێشتن، ئاواش بەشێوەیەكی كاتی لەپشتیان بن بۆ ئەوەی سەرماكەش تێپەرێنن.