سێ كچی دیكه‌ی ئێزدی له ده‌ستی داعش رزگاركران
قایدی: هیچ هێزێكی سه‌ربازی رۆڵی له ئازادكردنییاندا نه‌بووه
K24 - هه‌ولێر:
به‌رپرسی نووسینگه‌ی رفێنراوانی ده‌ستی تیرۆریستانی داعش له پارێزگای دهۆك، ئازادكردنی سێ كچی ئێزدی له ده‌ست رێكخراوی تیرۆریستی داعش راگه‌یاند.
حوسێن قایدی، به‌رپرسی نووسینگه‌ی رفێنراوانی ده‌ستی تیرۆریستانی داعش، رایگه‌یاندووه، ماوه‌ی سێ ساڵه ئه‌و سێ كچه ئێزدییه له ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعش بوونه.
قایدی بۆ وێباسیتی "الغد پرێس" رایگه‌یاندووه، هه‌رسێ كچه‌كه به ناوه‌كانی "كه‌ریمه، ویداد، سوره‌یه"، كه دانیشتووی گونده‌كانی كۆچۆ و حه‌ردانن، له سووریا رزگاركراون و ته‌مه‌نیان له نیوان 15 بۆ 27 ساڵیدایه.
قایدی ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات، ئازادكردنی ئه‌و سێ كچه، به هه‌وڵه‌كانی نووسینگه‌ی رفێنراوانی ده‌ستی تیرۆریستانی داعش بووه و هیچ هێزێكی سه‌ربازی رۆڵی له ئازادكردنییاندا نه‌بووه.
حوسێن قایدی روونیشی ده‌كاته‌وه، ژماره‌یه‌كی زۆر له رزگاربووانی ده‌ستی داعش، ڤیزایان وه‌رگرتووه بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ردانی ئه‌وروپا بكه‌ن و چاره‌سه‌ری پێویست وه‌ربگرن، به‌ڵام راگرتنی گه‌شته ئاسمانییه‌كان له‌لایه‌ن حكوومه‌تی عێراقه‌وه، ناتوانن گه‌شته‌كانییان ئه‌نجام بده‌ن.
جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه، هه‌وڵه‌كان بۆ ئازادكردنی ته‌واوی ئێزدییه‌كان به‌رده‌وامه و نووسینگه‌كه‌شیان ته‌واوی هه‌وڵه‌كانی خۆی خستووه‌ته‌گه‌ڕ.