یانەی سلێمانی بەشداریی خولی پلە یەکی کوردستان ناکات

ئەمڕۆ ئامادەی کۆبوونەوەی هونەریی تایبەت بە یانە پلە یەکەکان نەبوو

K24- هەولێر

یانەی سلێمانی بڕیاری دا بەشداریی وەرزی نوێی خولی پلە یەکەی کوردستان نەکات و ئامادەی کۆبوونەوەی هونەریی ئەمڕۆی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان نەبوو.

پەیامنێری کوردستان24 لە بارەگای فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان لە هەولێرەوە رایگەیاند، هیچ نوێنەرێکی یانەی سلێمانی ئامدەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی یانە پلە یەکەکان نییە، کە فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان لەبارەی چارەنووسی وەرزی نوێی خولی پلە یەک لەگەڵیان لە کۆبوونەوەدایە.

ئامانج کەمال، سکرتێری یانەی وەرزشی سلێمانی لە سلێمانییەوە لە لێدوانێکی بۆ کوردستان24 لەبارەی هۆکاری ئامادەنەبوونیان لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ گوتی 'ئێمە بڕیارمان داوە بەشداریی وەرزی نوێی خولی پلە یەکی کوردستان نەکەین، ئەم بڕیارەی خۆشمان بە فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستانیش گەیاندووە، چونکە بەهۆی دۆخی ئێستای کوردستان پێمانوایە بەشداریی خولی پلە یەک نەکەین باشترە'.

یانەی سلێمانی دوو وەرزە بەشداریی خولی پلە یەکی کوردستان ناکات، لە کاتێکدا دوو وەرز لەمەوبەر لە ریزی یانە نایابەکانەوە دابەزییە ریزی یانە پلە یەکەکان.