ھەسەدە ئامادەیە بچێتە نێو سوپای سووریا
"پەیوەستە بە چارەسەری كێشەكان و دەستووری داھاتووی سووریا"
K24 - قامشلۆ
رێزان گلۆ، ھاوسەرۆكی دەستەی پاراستن لە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری رۆژئاوای كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ كوردستان24 راگەیاند: "ھەسەدە بە گشتی كار بۆ سووریا دەكات، چوونی ھەسەدە بۆ نێو سوپای سووریا پەیوەستە بە دەستووری داھاتووی سووریا كە دوای چارەسەری كێشەكان دادەرێژرێت، ئەگەر ئەو دەستوورە لە خزمەتی ھەموو خەڵكی سووریادا بێت، ئەوا لە رووی سەربازییەوە كێشەمان نابێت".
پێشتر ریاز درار، ھاوسەرۆكی ئەنجوومەنی سووریای دیموكرات رایگەیاندبوو، ئەگەر كێشەكانی سووریا چارەسەر بكرێن ھەسەدە دەچێتە نێو سوپای سووریا.
ھێزەكانی سووریای دیموكرات (ھەسەدە) لە ساڵی 2015 بۆ رووبەرووبوونەوەی داعش لە سووریا دامەزرا، زۆربەی ھێزە سەربازییەكان لە پێكھاتەی جیاواز بەشداریان تێدا كردووە، یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بە ھێزی یەكەم و سەرپەرشتیاری ھەسەدە دەست دادەنرێت.