عومه‌ر به‌شير: بۆچى له‌سه‌ر داگيركردنى كوه‌يت سه‌دام دادگايى نه‌كرا

ئه‌مريكا له‌ مێژ ساڵه‌ چاوى بڕيبووه‌ خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست

K24 – هه‌ولێر:

عومه‌ر حه‌سه‌ن به‌شير، سه‌رۆكى سوودان رايگه‌ياند، له‌ دواى راگرتنى هه‌نارده‌ى نه‌وته‌وه‌ له‌ ده‌يه‌ى حه‌فتاكان، ئه‌مريكا پيلانى داڕشتبوو، بێته‌ رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و سه‌دام حوسێنيش به‌ داگيركردنى كوه‌يت ده‌رفه‌تى بۆ ره‌خساند.

له‌ ميانه‌ى چاوپێكه‌وتنى له‌ به‌رنامه‌ى " قصارى القول"ى كه‌ناڵى رووسياليه‌ومدا، عومه‌ر حه‌سه‌ن به‌شير گوتى: له‌ سه‌رده‌مى جه‌عفه‌ر نمێرى سه‌رۆكى پێشووى سوودان وه‌ك ئه‌فسه‌رێك له‌ كاليفۆرنيا راهێنانمان ده‌كرد و يه‌كێك له‌ فه‌رمانده‌ سه‌ربازييه‌كانى فه‌رمانده‌يى ناوه‌ندى سوپاى ئه‌مريكا باسى له‌وه‌ ده‌كرد، كه‌ ئه‌وان پێويسته‌ بێنه‌ خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاسته‌وه‌.

گوتيشى: له‌ 1988دا باسى ئه‌وه‌ى ده‌كرد، كه‌ ده‌بێت ئه‌مريكا بێته‌ خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست بۆ پارێزگاريكردنى هه‌نارده‌ى نه‌وت و رێڕه‌وه‌ ئاوييه‌كان.

هه‌روه‌ها گوتى: دواى ئه‌وه‌ى له‌ ده‌يه‌ى حه‌فتاكاندا عه‌ره‌ب نه‌وتى له‌ خۆرئاوا گرته‌وه‌، ئه‌مريكا بيرى له‌وه‌ كردبوويه‌وه‌ كه‌ بێته‌ كه‌نداو و خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، به‌ڵام هيچ پاساوێكى نه‌بوو، تا سه‌دام حوسێن كوه‌يتى داگيركرد و به‌و هۆيه‌وه‌ ئه‌مريكا توانى له‌شكر بێنێته‌ ناوچه‌كه‌.

ئاماژه‌شى بۆ ئه‌وه‌ كرد، دواى رووخان و ده‌ستگيركردنى سه‌دام حوسێن، له‌سه‌ر زۆر دۆسييه‌ دادگايى كرا، به‌ڵام له‌سه‌ر دۆسيه‌ى داگيركردنى كوه‌يت دادگايى نه‌كرا. ئه‌مه‌ش ئاماژه‌يه‌كى روونه‌ بۆ ئه‌وه‌ى سه‌دام كردى رێگه‌ى بۆ خۆشكرابوو.

سه‌رۆكى سوودان سه‌باره‌ت به‌ ئێرانيش گوتى: وڵاتانى عه‌ره‌بى هه‌ر له‌ شوێنى خۆياندا ده‌مێننه‌وه‌ و ئێرانيش هه‌روا و له‌ناو ناچێت، كه‌واته‌ هه‌ر به‌ريه‌ككه‌وتن و شه‌ڕێك ده‌بێته‌ سه‌رچاوه‌ى ماڵوێرانى و گرنگه‌ هه‌ردوولا كار بكه‌ن به‌ ئاشتى كێشه‌كانيان چاره‌سه‌ر بكه‌ن.

سه‌باره‌ت به‌ هه‌ژموونى تائيفى ئێران له‌ سوودان، عومه‌ر حه‌سه‌ن به‌شير گوتى: بێگومان له‌ سه‌ربه‌خۆيى سوودانه‌وه‌ تا ئێستا به‌ هۆى بوونى ره‌گه‌ز و ره‌چه‌ڵه‌كى جياجيا و خێڵه‌كان و شه‌ڕى باشوورى سوودان و دارفۆره‌وه‌ به‌شى ئه‌وه‌ كێشه‌مان هه‌يه‌ كه‌ ئيدى وڵاته‌كه‌مان به‌رگه‌ى سه‌رهه‌ڵدانى كێشه‌ى ديكه‌ى تائيفى ناگرێت.

هه‌روه‌ها گوتى: سوودانييه‌كان هيچ له‌ باره‌ى شه‌ڕى تائيفييه‌وه‌ نازانن و رێگه‌ش ناده‌ين ئه‌و شه‌ڕه‌ بێته‌ وڵاته‌كه‌مانه‌وه‌ و هه‌موومان پێغه‌مبه‌رى ئيسلام و بنه‌ماڵه‌ و يار و ياوه‌رانيمان خۆش ده‌وێت و ناشمانه‌وێت هيچ كێشه‌يه‌كمان له‌و باره‌يه‌وه‌ بۆ درووست بكرێت.