بەڤیدیۆ.. ئەستێرەیەکی بەناوبانگی بڕازیلی بەیەکجاریی وازی لە یاریکردن هێنا

زێ رۆبێرتۆ دوایین یاریی کاروانی وەرزشی خۆی ئەنجام دا

K24- هەولێر

زێ رۆبێرتۆی ئەستێرەی بەناوبانگی بڕازیلی بەیەکجاری وازی لە یاریکردن هێنا و شەوی رابردوو لە تەمەنی 43 ساڵیدا دوایین یاریی لە کاروانی وەرزشی خۆی ئەنجام دا.

زێ رۆبێرتۆ لە یاریی نێوان بۆتافۆگۆ و پالمێراس دواین یاریی خۆی لە کاروانی وەرزشی خۆی ئەنجامدا و لەلایەن هاندەرانی یانەی پالمێراسیەوە رێزێکی زۆری لێنرا و ئەو ئەستێرە بڕازیلییە کە دوو جار لەگەڵ هەڵبژاردەی بڕازیل بووەتە پاڵەوانی کۆپا ئامێریکا و لەگەڵ هەڵبژاردەکەش بەشداریی مۆندیالی 1998 و 2006ی کرد، لە تەمەنی 43 ساڵی بەیەکجاری وازی لە یاریکردن هێنا، زێ رۆبێرتۆ لەگەڵ سێلیساو 85 یاری ئەنجام دا و 6 گۆڵی کرد.

زێ رۆبێرتۆ لە کاروانی وەرزشی خۆی درێسی 10 یانەی پۆشی، لە ساڵی 1998 لەگەڵ ریال مەدرید بووە پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ، بەڵام زۆرترین یاریی لەگەڵ بایرن میونشنی ئەڵمانی ئەنجام دا و بووە بەشێک لە مێژووی یانەکە.

زێ رۆبێرتۆ دوو ساڵ لەمەوبەر گەڕایەوە ریزەکانی پالمێراس و لەگەڵ یانەکە جامی بڕازیل و خولی بڕازیلی بەدەستهێنا و بەیەکجاریی ماڵئاوایی لە لاکێشەی سەوز کرد.