"ھەڵوەشاندنەوەی حكومەت لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان نییە"

گوتەبێژی پارتی: بۆ چارەسەری كێشەكان كام رێگە گونجاوترینیانە ئەوە ھەڵدەبژێرین

K24 - ھەولێر

ئەمڕۆ شاندی حكومەتی ھەرێم لەگەڵ شاندێكی مەكتەبی سیاسی پارتی كۆبووەوە و دوای كۆتایی ھاتنی كۆبوونەوەكە مەحمود محەمەد، گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "باس ئەو كێشانە كرا كە رووبەڕووی ھەرێمی كوردستان بوونەتەوە و ھەروەھا گفتوگۆ لەبارەی ئەوە كرا بۆ دەربازبوون لەو كێشانە چۆن لایەنە سیاسییەكان پاڵپشتی لە حكومەتی ھەرێم بكەن".

گوتەبێژی پارتی، لەبارەی گۆڕانكاری لە حكومەتی ھەرێم گوتی: "ھەموو ئەو پێشنیازانەی كە ھەن، گفتوگۆیان لەبارەوە دەكرێت، كام رێگە بە گونجاوترین دەزانرێت بۆ چارەسەری دۆخەكە ئەوە جێبەجێ دەكرێت، بەڵام ئەو بۆچوونەی كە دەگوترێت بۆ ھەڵوەشاندنەوەی حكومەت لە بەرژەوەندی كوردستان نییە، چونكە كاتی دەوێت حكومەت ھەڵوەشێتەوە و جارێكی دیكە دروست بكەیتەوە".