زەحمەتكێشان داوای ھەڵبژاردنی پێشوەختە دەكات

لەگەڵ بارزانی ھاوڕاین كە دۆخەكە كاتییە و گۆڕانكاری روودەدات

K24 - ھەولێر

دوای كۆتایی ھاتنی كۆبوونەوەی شاندی حكومەتی ھەرێم و حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا سەعید خەلیل، ئەندامی دەستەی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان رایگەیاند: "لە كۆبوونەوەكەدا باسمان لەوەكرد، پێویستە حكومەت لە چوارچێوەی ئەو سەردانانە جۆرێك لە كۆدەنگی دروست بكات، بۆ ئەوەی لە داھاتوودا بە یەك سیاسەت بچین گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بكەین".

گوتیشی: "ئەگەر نەگەیشتینە رێككەوتن، حزبی زەحمەتكێشان پێی باشە ھەڵبژاردنی پێشوەختە بكرێت، ئەوەمان وەك پێشنیار خستووەتە بەردەم شاندی حكومەت، پێشمان وایە تاكە چارەسەر ھەڵبژاردنە بۆ دەربازبوون لە كێشەكان".

لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری كوردستان لەبارەی سەردانی بۆ لای سەرۆك بارزانی، كە دوێنێ سەردانیان كردبوو سەعید خەلیل ئاشكرای كرد: "سەردانمان بۆ لای بارزانی بۆ تاوتوێكردنی رەوشی كوردستان بوو، ھەردوولامان ھاوڕابووین كە ئەم كاتەی لە ھەرێمی كوردستان ھەیە كاتییە، ھەروەھا بارزانی گەشبین بوو كە لە چەند مانگی داھاتوو گۆڕانكاری لە ناوچەكە روودەدات و ئێمە كورد دەتوانین كار بكەین بۆ ئەوەی ئەو گۆڕانكاریانە لە بەرژەوەندی كورد بشكێنەوە".