عامری چاوی بڕیوه‌ته پۆستی عه‌بادی .. حیسابیش بۆ مالكی ناكات
ئه‌گه‌ر هاوپه‌یمانێتی موجاهدین توانی زۆرینه‌ی كورسیه‌كانی په‌رله‌مان به‌ده‌ست بهێنێت ئه‌وا هادی عامری ده‌بێته كاندیدی سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت
K24- هه‌ولێر:
رۆژنامه‌ی "ئه‌خبار"ی نزیك له حزبوڵڵای لوبنانی له چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی حزبه‌كه‌یان بڵاوكرده‌وه، هادی عامری ئه‌مینداری گشتی رێكخراوی به‌در سه‌رۆكایه‌تی "هاوپه‌یمانیی موجاهدین" ده‌كات، كه 8 گروپی سه‌ر به حه‌شدی شه‌عبی تێدا به‌شدارن.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه، هه‌ریه‌ك له گروپه‌كانی رێكخراوی به‌در، عه‌سائیب ئه‌هلولحه‌ق، بزووتنه‌وه‌ی نوجه‌با، ره‌وتی ریسالی و كه‌تائیب جوندول ئیمام له پێشه‌وه‌ی ئه‌و هاوپهیمانێتیهدان، وێڕای چڕكردنه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كان بۆ هاتنه‌ناوه‌وه‌ی كه‌تیبه‌كانی حزبوڵڵا بۆ ناو ئه‌و هاوپه‌یمانێتیه. ئه‌و رۆژنامه‌یه زانیاری زیاتر له‌مباره‌یه‌وه ده‌خاته روو و نووسیویه‌تی "هه‌ندێ هێزی سوننیش كه له‌گه‌ڵ حه‌شدی شه‌عبی هاوسۆزن به‌شداری له‌و هاوپه‌یمانێتیه‌دا ده‌كه‌ن، وێڕای به‌شداریكردنی به‌شێك له حه‌شدی عه‌شایه‌ری، كه له‌ناوچه‌كانی رۆژئاوای عێراق له شه‌ڕی دژ به داعش به‌شدار بوون".
رۆژنامه‌ی "ئه‌خبار" باس له‌وه‌ش ده‌كات، ئه‌وه‌ی زۆرترین چانسی له‌گه‌ڵ ئه‌و هاوپه‌یمانێتیه‌دا هه‌بوو "نوری مالكی" بوو، به‌ڵام به‌گوێره‌ی چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ئێستادا هاوپه‌یمانێتیه‌كی نوێ پێك ده‌هێندرێت، كه ناتوانرێت پێشبینی پێگه‌ی مالكی له‌و هاوپه‌یمانێتیه‌دا بكرێت، چونكه له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوودا له‌وانه‌یه كه‌سانی دیكه پێش مالكی كه‌وتبن.
ئاماژه‌كانیش به‌و ئاراسته‌یه‌ن، له‌لایه‌ك به له‌به‌رچاوگرتنی پشتگیری هه‌رێمی به‌تایبه‌تیش له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه و له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه ئه‌گه‌ر هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌ی موجاهدین توانی زۆرینه‌ی كورسیه‌كانی په‌رله‌مان به‌ده‌ست بهێنێت، ئه‌وا ناوی هادی عامری له لیستی پێشنیازكراوهكاندا ده‌بێت بۆ سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت. به‌گوێره‌ی رۆژنامه‌كه، ئه‌و كاتیش پرسیارێكی دیكه دێته ئاراوه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه: ئاخۆ ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان به‌وه رازی ده‌بن هه‌مان سیناریۆی نوری مالكی له ساڵانی رابردوودا خۆی دووباره بكاته‌وه؟!
پێشتر حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق جه‌ختی كردبووه‌وه، هیچ گروپێكی چه‌كداری ئه‌و مافه‌ی نییه به‌شداری له هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی عێراقدا بكات.