حه‌شدی شه‌عبی بووه‌ته‌ مایه‌ی نیگه‌رانی نێوده‌وڵه‌تی

فشارە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان له‌بارەی پرسی ھەڵوەشاندنەوەی گرووپ و میلیشیاكانی حەشدی شەعبی تادێت زیاتر دەبن

K24- هه‌ولێر:

تا دێت فشارەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی میلیشیا شیعەکانی حەشدی شەعبی زیاتر دەبن، ئەمجارە ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆکی فەرەنسا له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆشكی ئێلیزێ، بە ئاشکرا داوای لە سەرۆک وەزیرانی عێڕاق حەیدەر عەبادی کرد، حەشدى شه‌عبي هەڵبوەشێنێتەوە، ڕەنگە ئەمەش بەلای عەبادیەو تا ئێستا قورسترین داواكارى بێت کە لێی کرابێت.

له‌كاتێكدا بەشێك لە سەركردەكانی حەشدی شەعبی بە توندی دژی ئەو داوایە دەوەستنەوە و بە دەستوەردان بە كارووباری ناوخۆی عێراق دەیزانن، هاوكات چاودێرانی سیاسی كورد و سووننەكانی عێراق له‌وباوه‌ڕه‌دان، عەبادی ناتوانێت حەشدی شەعبی ھەڵبوەشێنێتەوە، چونكە ئەو گرووپە چەكدارانە ڕاستەوخۆ فەرمان لە كۆماری ئیسلامی ئێران وەردەگرن.