وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه: زۆر به‌داخه‌وه بۆ عه‌بادى
ئه‌و سه‌ركه‌وتنه گه‌وره‌یه به سه‌ر داعشدا كه به‌ڕێز عه‌بادى ئێستا نازى پێوه ده‌كات، به شاهیدیى هه‌موو دنیا ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كانى كوردستان نه‌بوونایه، هه‌رگیز به‌دى نه‌ده‌هات
K24 – هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ره‌خنه له وتارێكى حه‌يده‌ر عه‌بادى سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراق ده‌گرێت، كه تێيدا سه‌ركه‌وتنى به‌سه‌ر داعشدا هاوتا كردووه به گێڕانه‌وه‌ى كه‌ركووك و ناوچه دابڕاوه‌كان بۆ ژێر ده‌سه‌ڵاتى ميليشياكانى حه‌شد و سوپاى عێراق.
له راگه‌يه‌ندراوێكدا وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه وه‌ڵامى حه‌يده‌ر عه‌بادى داوه‌ته‌وه و تێيدا هاتووه:" عه‌بادى داگیركردنى سه‌ربازى و هێرشكردنه سه‌ر هه‌رێمى كوردستان، كوشتن و ئاواره‌كردنى خه‌ڵكى كه‌ركووك، خورماتوو و ناوچه‌كانى دیكه، رووخاندن و ته‌قاندنه‌وه‌ى خانوو و تاڵانكردنى ماڵى هاووڵاتیانى كوردستان له‌لایه‌ن هێزه عێراقییه‌كانه‌وه، به سه‌ركه‌وتنێكى گه‌وره له قه‌ڵه‌م ده‌دات و له‌گه‌ڵ سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر داعشدا هاوتا و به‌راوردى ده‌كات".
هه‌روه‌ها هاتووه: "ئه‌و سه‌ركه‌وتنه گه‌وره‌یه به سه‌ر داعشدا كه به‌ڕێز عه‌بادى ئێستا نازى پێوه ده‌كات، به شاهیدیى هه‌موو دنیا ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كانى كوردستان نه‌بوونایه، هه‌رگیز به‌دى نه‌ده‌هات ".
ده‌قى راگه‌يه‌ندراوه‌كه‌ى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه
رۆژى 6/12/2017 له لێدوانێكى نابه‌رپرسانه و له بۆنه‌یه‌كى حیزبى ده‌عوه‌ى ئیسلامی‌دا، سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراقى فیدراڵ به‌ڕێز حه‌یده‌ر عه‌بادى، هێرش و داگیركاریى هێزه عێراقییه‌كانى له ڕۆژى 16ى ئۆكتۆبه‌رى ڕابردوو و ڕۆژانى دواتردا، به سه‌ركه‌وتنێكى گه‌وره له قه‌ڵه‌م دا و پێى وایه هیچى له‌سه‌ركه‌وتنى گه‌وره‌ى شكاندنى داعش له عێراق كه‌متر نییه.
به‌ڕێز عه‌بادى داگیركردنى سه‌ربازى و هێرشكردنه سه‌ر هه‌رێمى كوردستان، كوشتن و ئاواره‌كردنى خه‌ڵكى كه‌ركووك، خورماتوو و ناوچه‌كانى دیكه، رووخاندن و ته‌قاندنه‌وه‌ى خانوو و تاڵانكردنى ماڵى هاووڵاتیانى كوردستان له‌لایه‌ن هێزه عێراقییه‌كانه‌وه، به سه‌ركه‌وتنێكى گه‌وره له قه‌ڵه‌م ده‌دات و له‌گه‌ڵ سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر داعشدا هاوتا و به‌راوردى ده‌كات.
ئه‌و سه‌ركه‌وتنه گه‌وره‌یه به سه‌ر داعشدا كه به‌ڕێز عه‌بادى ئێستا نازى پێوه ده‌كات، به شاهیدیى هه‌موو دنیا ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كانى كوردستان نه‌بوونایه، هه‌رگیز به‌دى نه‌ده‌هات، هه‌مان ئه‌و پێشمه‌رگه قاره‌مانانه‌ى ئه‌گه‌ر گیانفیدایى و به‌رگریى جوامێرانه‌ى ئه‌وان نه‌بووایه، له دواى 16ى ئۆكتۆبه‌رى رابردووه‌وه، هێزه عێراقییه‌كانى ژێر فه‌رمانده‌ییى به‌ڕێز عه‌بادى، هه‌موو كوردستانیان به ده‌ردى خورماتوو ده‌برد.
زۆر به‌داخه‌وه بۆ سه‌رۆك وه‌زیرانى وڵاتێك كه هێرشكردنه سه‌ر خه‌ڵكى وڵاته‌كه‌ى، له‌گه‌ڵ سه‌ركه‌وتن به سه‌ر تیرۆرستاندا پێكه‌وه به‌راورد و هاوتا ده‌كات و به شانازییه‌وه لافى پێ لێده‌دات. له كاتێكدا هه‌مووان چاویان له ڕه‌خساندنى زه‌مینه‌یه‌كى ئارام و له‌باره بۆ گفتوگۆ و نه‌هێشتنى ناكۆكى و ئاڵۆزییه‌كان، ئه‌م لێدوانه كرۆكى بیركردنه‌وه و هه‌موو ئه‌و ڕق و قینه ده‌رده‌خات كه به‌رامبه‌ر گه‌لى كوردستان هه‌یانه، به‌ڵام مێژوو سه‌لماندوویه‌تى كه‌ئیراده‌ى گه‌لى كوردستان به هیچ كه‌س و هێزێك نه‌شكاوه و ناشكێت.
وه‌زاره‌تى كاروبارى پێشمه‌رگه
7/12/2017