وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كان وه‌ڵامی دوو په‌رله‌مانتار ده‌داته‌وه‌

وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كان: کڕیارە نێوخۆییەکە بەشێوەی قەرزی کاش وەریگرتووە و کۆمپانیای بەرھەمھێنەریش ئاگادارە

K24- هه‌ولێر:

وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا، لێدوانی دوو په‌رله‌مانتاری كوردستانی ره‌تده‌كاته‌وه‌، كه‌ رایانگه‌یاندبوو، حكومه‌ت نه‌وتی كێڵگه‌ی شێخانی به‌نرخى برێنت - 18 دۆلار فرۆشتووه‌.

له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كاندا هاتووه‌ "ئێمە وەك وەزارەتی سامانە سرووشتیەکان سەرتاپای ئەم ھەواڵە رەتدەکەینەوە، گوایا به‌گوێره‌ی فەرمانی وەزاریمان ژمارە 6884 لە 5-12-2017 دا ئەم نەوتە بە نرخی (برێنت - 18) دۆلار فرۆشراوە، واتە نرخی برێنت چەندبێت بە 18 دۆلار کەمتر، بۆنموونە ئەگەر نرخی برێنت 63 دۆلار بێت لە بازاڕی جیھاندا، واتا بە 45 دۆلار فرۆشراوە".

به‌یاننامه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كان جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌ "ئەم نرخە لە بەرژەوەندی حکومەتی ھەرێمی کوردستانە و لەبەر کوالێتی نەوتە خاوەکە کە قورسە و کبریتی  تێدایە، ھەروەھا تێچووی گواستنەوەی بۆ ھەناردەکردن بۆ دەرەوەی وڵاتیش ئەم نرخە ناکات، بەڵکو لە بەندەری جەیھانیش (برێنت - 20) دۆلار دەکات، واتە بۆ ئێمە 2 دۆلار باشترە، ھەر لەبەر ئەمەش کڕیارە نێوخۆییەکە بەشێوەی قەرزی کاش وەریگرتووە و کۆمپانیای بەرھەمھێنەریش ئاگادارە".