ئارێز عه‌بدوڵڵا: هه‌ڵوێستى عه‌بادى ھۆکارێکە بۆ لێکترازاندنی عێراق
عەبادی سەری زمان و بنی زمانی یەکپارچەیی خاکی عێراق و جێبەجێ کردنی دەستورە، بەڵام بەکردار بە پێچەوانەوەیە
K24 – هه‌ولێر:
ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ئارێز عه‌بدوڵڵا، ئيدانه‌ى هه‌ڵوێستى عه‌بادى له باره‌ى ناونه‌هێنانى پێشمه‌رگه ده‌كات و رايگه‌ياند، عەبادی سەری زمان و بنی زمانی یەکپارچەیی خاکی عێراق و جێبەجێ کردنی دەستورە، بەڵام بەکردار بە پێچەوانەوەیە و ئەو سیاسەت و ھەڵوێستانەشی لەلایەک بەڵگەی پابەند نەبوون بەدەستور و لەلایەکی دیکەش ھۆکارێکە بۆ لێکترازاندنی عێراق.
ئارێز عه‌بدوڵڵا له لاپه‌ڕى خۆى له تۆڕى كۆمه‌ڵايه‌تى فه‌يسبووك له ژێر ناونيشانى (نا عەبادی وا نابێ!) ره‌خنه‌ى له وتاره‌كه‌ى ئه‌مڕۆى سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراق گرتووه.
ئه‌مڕۆ حه‌يده‌ر عه‌بادى سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراق په‌يامێكى به‌ناوى وتارى سه‌ركه‌وتن بڵاوكرده‌وه و تێيدا ناوهێنانى هێزى پێشمه‌رگه و هاوپه‌يمانى نێوده‌وڵه‌تى له دژى داعش فه‌رامۆش كردووه.
له وتاره‌كه‌يدا عه‌بادى ستايشى زۆرى هه‌ڵوێستى عه‌لى سيستانى يه‌كێك له گه‌وره مه‌رجه‌عه‌كانى شيعه‌ى كردووه، بۆ ده‌ركردنى فه‌تواى جيهاد له دژى داعش.
هاوكات سوپاسى سه‌رجه‌م گرووپ و چه‌كدارانى حه‌شدى شه‌عبى و هێزه ئه‌منييه‌كانى عێراقى كردووه، ته‌نانه‌ت حه‌شدى عه‌شائيرى هۆزه سوننه‌كانيش.
له ميانى په‌يامه‌كه‌يدا عه‌بادى به هيچ شێوه‌يه‌ك باسى پێشمه‌رگه‌ى نه‌كردووه و ئاماژه‌شى بۆ ئه‌وه كردووه، سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر داعش هاوكات بووه له‌گه‌ڵ سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر پلانى دابه‌شكردنى عێراق، كه مه‌به‌ستى له‌شكركێشى سوپا و حه‌شد بووه بۆ سه‌ر ناوچه كوردستانييه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئيداره‌ى هه‌رێم.
ئارێز عه‌بدوڵڵا ئه‌وه‌شى نووسيوه، كه بڕيار بووه سبه‌ى ئاماده‌بێت له فێستيڤاڵێكى سه‌ربازيدا كه عه‌بادى به بۆنه‌ى سه‌ركه‌وتنه‌وه ئه‌نجاميده‌دات و له‌و باره‌يه‌وه ده‌ڵێت: "ئەمڕۆ لە نوسینگەی بەڕێز حیدەر عەبادی ئاگادار کرامەوە کە بۆ فێستڤاڵە سەربازیەکەی سبەی کە بەبۆنەی سەرکەوتن بەسەر داعش لە بەغدا ساز دەکرێ بانگھێشتکراوم و منیش بە سوپاسەوە بانگھێشتەکەم قبوڵ کرد. بەڵام دواتر کە گوێم لەو وتارەکەی بەڕێز عەبادی گرت کە بە ھەمان بۆنە ئەمڕۆ پێشکەشی کرد بینیم ناوی پێشمەرگە ناھێنێ و باسیش لەو ھەموو قوربانی و قارەمانیەتیە ناکات کە ھێزی پێشمەرگە لە رووبەڕوو بونەوەی لەگەڵ داعش و تۆماری کرد، زۆر نیگەران بووم بۆ پرۆتستۆکردنی ئەو ھەڵوێستەی بەڕێز عەبادی بڕیارمدا کە سبەی بەشداری ئەو فێستڤاڵە نەکەم".
هه‌روه‌ها نووسيويه‌تى: "عەبادی سەری زمان و بنی زمانی یەکپارچەیی خاکی عێراق و جێبەجێ کردنی دەستورە، بەڵام بەکردار بە پێچەوانەوەیە و ئەو سیاسەت و ھەڵوێستانەشی لەلایەک بەڵگەی پابەند نەبوون بەدەستور و لەلایەکی دیکەش ھۆکارێکە بۆ لێکترازاندنی عێراق".
ئه‌وه‌شى نووسيوه: "عەبادی ھێزی پێشمەرگە لە مافە دەستوریيەکانی بودجەی 2018 بێ بەش دەکات و ھێرشی سوپا و حه‌شد بۆ سەر کەرکووک وەک پەلاماری ئەو ھێزانە بۆسەر داعش وەسف دەکات و لە وتاری کۆتایی ھاتنی داعش‌یش ناوی پێشمەرگە ناھێنێ. کەواتە بەڕێز عەبادی رێبازێکی جیا لە رێبازی عێراقی نوێ و جێبەجێ کردنی دەستور گرتۆتەبەر".