یەكێتی بێ سكرتێر دەبێت
بەشێكی یەكێتی بۆ ئەنجامدانی كۆنگرەی لە ھەوڵدایە
K24 - سلێمانی
دوای كۆچی دوایی مام جەلال، سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی زیاتر پەرەیان سەندووە، لە ئێستاشدا یەكێتی لە ھەوڵدایە بۆ ئەوەی كۆنگرە ببەستێ و كێشەكان چارەسەر بكات، بەر لە كۆنگرەش یەكێتی بە نیازە پەیڕەوی ناوخۆ ھەموار بكاتەوە و پۆستی سكرتێری گشتی لە ھەیكەلی حزبەكە نەمێنێ، رەنگە ئەمەش ھەوڵێك بێت، بۆ ئەوەی لە كۆنگرە گرژی لەسەر پۆستی یەكەمی نێو حزبەكە دروست نەبێت.
لەتیف نێروەیی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە كوردستان24 گوت: "پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی ھەموار دەكەین بە شێوازێك گۆڕانكاری تێدا دەكرێت، یەكێك لەو بڕگانە پەیوەستە بە پۆستی سكرتێری گشتی، ئێمە پێمانوایە بۆ ئەم قۆناخە پۆستی سكرتێری گشتی نەمێنێ".
گوتیشی: "تا رادەیەك نیمچە كۆدەنیەك لەنێو ئۆرگانەكانی یەكێتی دروستبووە، بۆ ئەنجامدانی كۆنگرە، بەڵام ئەو كۆدەنگییە نەبۆتە بڕیارە كە لە چ رۆژێكدا كۆنگرە ئەنجامبدرێت، پێمان باشە ئەنجامدانی كۆنگرە لە مانگی 2 ساڵی داھاتوو تێپەڕ نەبێت، بۆ ئەوەی بتوانین روحێكی نوێ بدەینەوە بەر جەستەی یەكێتی".
ئاشكرای كرد: "ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی سەرقاڵی ھەنگاوی كردارییە بۆ ئەنجامدانی كۆنگرە، بڕیاردراوە بە لیژنەیەك لە كەسە پسپۆرەكانی نێو ئەنجوومەنی ناوەند بۆ سەرلەنوێ ھەمواركردنەوەی رەشنووسی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی".