عه‌بادى ناوى پێشمه‌رگه بۆ پۆستێكى فه‌يسبووكى زياد ده‌كات
دواى فشاره‌كانى سه‌رى عه‌بادى له تۆڕى كۆمه‌ڵايه‌تى فه‌يسبووك ناوى پێشمه‌رگه‌ى بۆ ده‌قى وتاره‌كه‌ى زيادكردووه
K24 – هه‌ولێر:
حه‌يده‌ر عه‌بادى سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراق په‌يامێكى به‌ناوى وتارى سه‌ركه‌وتن بڵاوكرده‌وه و تێيدا ناوهێنانى هێزى پێشمه‌رگه و هاوپه‌يمانى نێوده‌وڵه‌تى له دژى داعش فه‌رامۆش كرد و ئه‌مڕۆش دواى فشاره‌كانى سه‌رى عه‌بادى له تۆڕى كۆمه‌ڵايه‌تى فه‌يسبووك ناوى پێشمه‌رگه‌ى بۆ ده‌قى وتاره‌كه‌ى زيادكردووه.
له وتاره‌كه‌يدا عه‌بادى ستايشى زۆرى هه‌ڵوێستى عه‌لى سيستانى يه‌كێك له گه‌وره مه‌رجه‌عه‌كانى شيعهى كرد، بۆ ده‌ركردنى فه‌تواى جيهاد له دژى داعش. هاوكات سوپاسى سه‌رجه‌م گرووپ و چه‌كدارانى حه‌شدى شه‌عبى و هێزه ئه‌منييه‌كانى عێراقى كرد، ته‌نانه‌ت حه‌شدى عه‌شائيرى هۆزه سوننه‌كانيش.
له ميانى په‌يامه‌كه‌يدا عه‌بادى به هيچ شێوه‌يه‌ك باسى پێشمه‌رگه‌ى نه‌كرد و ئاماژه‌شى بۆ ئه‌وه كرد، سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر داعش هاوكات بووه له‌گه‌ڵ سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر پلانى دابه‌شكردنى عێراق، كه مه‌به‌ستى له‌شكركێشى سوپا و حه‌شد بووه بۆ سه‌ر ناوچه كوردستانييه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئيداره‌ى هه‌رێم.
ناونه‌هێنانى پێشمه‌رگه له ئاستى ميلى و سياسى و ميدياى، عه‌بادى رووبه‌ڕووى فشارێكى زۆر كرده‌وه. فراكسيۆنه كوردييه‌كان له ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ئيدانه‌ى ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ى عهبادييان كرد.
له ژێر كاريگه‌رى ئه‌و فشارانه‌دا، ئه‌مڕۆ عه‌بادى ناوى پێشمه‌رگه‌ى بۆ ده‌قى وتاره‌كه‌ى له فه‌يسبووك زياد كردووه.
