عه‌بادی سه‌ركۆنه ده‌كرێت
له هه‌ولێر هه‌زاران قوتابی و مامۆستای زانكۆ دژی هه‌ڵوێسته‌كانی عه‌بادی خۆپیشاندان ده‌كه‌ن
K24 هه‌ولێر:
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 11/12/2017 هه‌زاران قوتابی و مامۆستای زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین له شاری هه‌ولێر، دژی لێدوانه‌كانی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق و ناونه‌هێنان و په‌راوێزخستن و باسنه‌كردنی رۆڵی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و هێزه ئه‌منییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له جه‌نگی دژی داعشدا خۆپیشاندانێكی فراوانیان ئه‌نجامداو تا ئێستاش به‌رده‌وامه.
خۆپیشانده‌ران دژی هه‌ڵوێسته‌كانی عه‌بادی درووشم ده‌ڵێنه‌وه‌و ره‌خنه‌ی توند له سیاسه‌ته‌كانی به‌رامبه‌ر هه‌رێمی كوردستان و هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ده‌گرن، كه چه‌ندین جاره هیچ ئاماژه‌یه‌ك به رۆڵ و قوربانییه‌كانیان له جه‌نگی داعش ناكات، له كاتێكدا ھێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و ھێزه ئه‌منییه‌كانی دیكه‌ی هه‌رێم، یه‌كه‌مین هێز بوون له‌سه‌ر زه‌وی توانییان داعش تێكبشكێنن و ناوچه‌كانیان له ده‌ست بسهننهوهو له‌و پێناوه‌شدا زیاتر له 1840 شه‌هید و ده‌یان هه‌زار برینداریان هه‌بووه.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش بوونه هۆی كردنه‌وه‌ی ده‌رگای شاری مووسڵ و له سه‌ره‌تای راگه‌یاندنی ئۆپراسیۆنی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی شاری مووسڵ له 17/10/2016، هێزه‌كانی پێشمه‌رگه به‌شێكی زۆری ناوچه‌كانی ده‌شتی نه‌ینه‌وایان كۆنترۆڵكردهوهو كلیلی رزگاركردنی ناوچه‌كانی دیكه‌ی مووسڵ و شاره‌كه‌یان دایه ده‌ست سوپا و هێزه‌كانی دیكه‌ی عێراق.