گومرگەكان لە چركەیەكدا 263 دۆلار زیان بە عێراق دەگەیەنن

"گەندەڵی زۆر لە گومرگەكەكانەوە دەكرێت"

K24 - ھەولێر

حكومەتی عێراق لە ھەر چركەیەكدا 263 دۆلار، بەھۆی گەندەڵی گومرگەكانەوە، زیانی پێدەگات.

ھەیسەم جبووری، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرایكرد، حكومەتی عێراق بەھۆی ئەو گەندەڵییانەی لە رێگەی دەروازەو گومرگەكانەوە دەكرێت، لە یەك چركەدا 263 زیان بە ئابووری عێراق دەگەیەنێت، تا ئێستاش ئەو گەندەڵییە لەلایەن بەرپرسەكانەوە بەردەوامە.

جبووری، ئاماژەی بەوەشكردووە، رۆژانە بەسەدان بارھەڵگر لەرێگەی دەروازەكانەوە بە نایاسایی دێنە ناو عێراق،  بەبێ ئەوەی ھیچ گومرگێكی لێ وەرگیرێت، ھەروەھا رێگە بەو كەلوپەلانە دەدرێت كە لەرووی كوالێتیەوە نابێت ھاوردە بكرێن، كە ئەمەش پێشێلكردنی یاسای گومگری عێراقییە.