هه‌ر په‌نابه‌رێكی سووری له‌ئه‌ڵمانیا بگه‌ڕێته‌وه وڵاته‌كه‌ی بڕێك پاره وه‌رده‌گرێت
"پێویستمان به زیاتر ئیغراكردنی په‌نابه‌رانه بۆئه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌یان جێ بهێڵن"
K24- هه‌ولێر:
به‌گوێره‌ی ئاژانسی بی بی سی به‌ریتانی، ئه‌ڵمانیا بۆ هه‌ر په‌نابه‌رێكی سووری كه بیه‌وێت بگه‌ڕێته‌وه بۆ وڵاته‌كه‌ی، بڕی 1178 دۆلاری بڕیوه‌ته‌وه و بۆ هه‌ر سه‌رۆك خێزانێكیش 3540 دۆلاری دیاریكردووه.
وه‌ك بی بی سی ئاماژه‌ی پێكردووه، ئه‌و پرۆگرامه‌ی ئه‌ڵمانیا تا 28ی شوباتی 2018 به‌رده‌وام ده‌بێت، په‌نابه‌ران ده‌توانن به‌و بڕه پاره‌یه پێداویستییه سه‌ره‌كیه‌كانیان له سووریا دابین بكه‌ن. ره‌خنه‌گرانیش له‌و باوه‌ڕه‌دان، حكومه‌ته‌كه‌ی ئه‌نگێلا مێركل ده‌یه‌وێت به پێدانی سو‌و به په‌نابه‌ران، ئه‌ڵمانیا له كێشه‌ی په‌ناخوازان رزگار بكات. له‌كاتێكدا به‌شێكی زۆری په‌نابه‌رانیش خۆیان ئاره‌زووی گه‌ڕانه‌وه بۆ وڵاته‌كه‌یان ده‌كه‌ن، به‌ڵام به‌هۆی نه‌بوونی خه‌رجی ڕێگا، ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه سووریا.
ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه ئه‌ڵمانیا یه‌كه‌م وڵات نییه به‌رنامه‌ی پێدانی پاره به‌رامبه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی په‌نابه‌ران بۆ وڵاته‌كانیان، به‌كاری ده‌هێنێت، به‌ڵكو له ماوه‌ی 20 ساڵی رابردوودا چه‌ندین به‌رنامه‌ی له‌و جۆره له وڵاتانی ئه‌وروپا جێبه‌جێ كراوه.

فشاره‌كان له زیادبووندان:
به‌گوێره‌ی جیف كریسب، كه توێژه‌رێكی په‌یمانگای چاتام هاوسی به‌ریتانی بۆ توێژینه‌وه‌یه ده‌ڵێت: ئه‌و پرۆگرامه‌ی به "گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌خشنده‌یی" بۆ په‌نابه‌ران ناسراوه، له‌ماوه‌ی 20 ساڵی رابردوودا بووه‌ته پرۆگرامێكی باو، زۆرێك له وڵاتانی وه‌ك ئوستراڵیا، به‌ریتانیا و كه‌نه‌دا ئه‌و به‌رنامه‌یان به‌كارهێناوه.
هه‌وره‌ها ده‌شڵێت "فشاره‌كانی گه‌ڕانه‌وه بۆ وڵاته‌كانیان بۆ سه‌ر په‌نابه‌رانی رۆژ به‌ڕۆژ له زیادبووندایه، له‌ئێستاشدا گه‌ڕاندنه‌وه‌یان بۆ وڵاته‌كانیان به باشترین چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌ی په‌نابه‌ران ده‌زاندرێت".
به‌گوێره‌ی رێكخراوی كۆچ و كۆچبه‌رانی سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانیش، كه له زۆرێك له وڵاتان سه‌رپه‌رشتی به‌رنامه‌ی پێدانی پاره به په‌نابه‌ران ده‌كات، ته‌نیا له‌ماوه‌ی ساڵی 2016دا پاره‌یان به نزیكه‌ی 39 هه‌زار په‌نابه‌ر داوه، كه تێچووی ته‌واوی ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ش له‌و ماوه‌یه‌دا گه‌یشتۆته 32.7 ملیۆن دۆلار. له‌كاتێكدا به به‌راورد له‌گه‌ڵ وڵاتانی دیكه، ژماره‌یه‌كی زۆری په‌نابه‌ران وڵاتی ئه‌ڵمانیایان جێهێشتووه.
چۆن حكومه‌تێك ده‌توانێت جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی رازی بكات كه ئه‌و بڕه پاره‌یه بداته په‌نابه‌ران؟
له وڵاتانی ئه‌سكه‌نده‌نافیا، كه له 10 ساڵی رابردوودا زۆرترین خواستی په‌نابه‌رێتییان له‌سه‌ر بووه، به‌رپرسانی ئه‌و وڵاتانه ده‌ڵێن، هاوكاریكردنی په‌نابه‌ران بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ وڵاته‌كانیان، خه‌رجیه‌كه‌ی زۆر له نیشته‌جێكردنیان له كه‌مپه‌كان كه‌متره.
سویدیش كه وڵاتێكی ئه‌سكه‌نده‌نافیه، بڕی 30 هه‌زار كرۆن كه به‌رامبه‌ره به 3550 دۆلار بۆ هه‌ر په‌نابه‌رێك هه‌روه‌ها 75 هه‌زار كرۆن كه به‌رامبه‌ره به 8886 دۆلار بۆ هه‌ر خێزانێك دیاریكردووه و، به یه‌ك پێشینه پێیان ده‌دات.
له هاوینی ساڵی 2016، وڵاتی نۆرویژیش رایگه‌یاند، بڕی 10 هه‌زار كرۆن كه به‌رامبه‌ره به 1206 دۆلار بۆ یه‌كه‌م 500 كه‌س د‌یاریكردبوو، كه داوای په‌نابه‌رێتیان له‌و وڵاته كردبوو.
له‌مباره‌شه‌وه سیلفی لیستۆج وه‌زیری كۆچ و كۆچبه‌رانی نۆ‌رویژ گوتبووی "پێویستمان به زیاتر ئیغراكردنی په‌نابه‌رانه بۆئه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌یان جێ بهێڵن".
ئایا ئه‌م پرۆگرامه له‌ڕووی ئیتێكه‌وه له چ ئاستێكدایه؟
له‌كاتێكدا رێكخراوی كۆچ و كۆچبه‌رانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ده‌ڵێت، ئه‌وان به‌شێوه‌یه‌كی مرۆڤایه‌تی و به‌ڕێز یارمه‌تی په‌نابه‌ران ده‌ده‌ن، بۆئه‌وه‌ی بگه‌ڕێنه‌وه وڵاته‌كانیان، به‌ڵام كۆمه‌ڵه‌كانی مافی مرۆڤ پێچه‌وانه‌ی بۆچوونی ئه‌و رێكخراوه جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه.
له ئه‌ڵمانیا كۆمه‌ڵه‌ی "Pro Asyl- برو ئه‌سيل"، كه تایبه‌ته به به‌رگریكردن له مافه‌كانی مرۆڤ، حكومه‌ت به‌وه تۆمه‌تبار ده‌كات، كه هه‌موو رێگایه‌كی ئیغراكردن به‌رامبه‌ر خه‌ڵك به‌كار ده‌هێنێت، بۆئه‌وه‌ی ده‌ستبه‌رداری مافه‌كانیان بن.