به‌ڕێوه‌به‌رێكی پێشووی فه‌یسبووك: كۆمه‌ڵگه‌مان تێكداوه‌ و هه‌ست به‌ تاوان ده‌كه‌م

فه‌یسبووك وه‌هم ده‌به‌خشێته‌وه‌

K24 – هه‌ولێر:

"وابزانم ئامرازێكمان بۆ تێكدانی كۆمه‌ڵگه‌ به‌رده‌ست كرد"، به‌ڕێوه‌به‌رێكی پێشووی كۆمپانیای فه‌یسبووك، به‌م رسته‌یه‌ ده‌ستی به‌ قسه‌ كرد و په‌شیمانی خۆیشی له‌ كاركردن له‌ كۆمپانیای فه‌یسبووك‌ ده‌ربڕی.

چامات پالیهاپیتیا، به‌ڕێوه‌به‌ری جێبه‌جێكاری پێشووی كۆمپانیای فه‌یسبووك، له‌ سێمینارێكدا له‌ زانكۆی ستانفۆردی ئه‌مه‌ریكا، رایگه‌یاند، ئێستا ده‌سبه‌رداری به‌كارهێنانی فه‌یسبووك بووه‌ و ئه‌و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی له‌ منداڵه‌كانیشی قه‌ده‌غه‌ كردووه‌.

پالیهاپیتیا, له‌ ماوه‌ی ساڵانی 2007 بۆ 2011، به‌رپرسی به‌شی په‌ره‌پێدانی به‌كارهێنه‌ران بووه‌ له‌و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌، هه‌ست به‌ تاوان ده‌كات و ده‌ڵێت: "وێڕای ئه‌وه‌ی وای نیشان ده‌ده‌ین كه‌ ئه‌و تۆڕه‌ هیچ كاریگه‌رییه‌كی نه‌رێنی له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ نییه‌، به‌ڵام هه‌مووشمان له‌ مێشكی خۆماندا راستییه‌كه‌ ده‌زانین".

پالیهاپیتیا وای به‌باش زانیوه‌، مۆڵه‌تێكی درێژ له‌ به‌كارهێنانی فه‌یسبووك و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌ گشتی وه‌ربگرێت و ده‌ستبه‌رداری به‌كارهێنانییان بێت.

ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ی پێشووی فه‌یسبووك گوتیشی: "كۆمپانیای فه‌یسبووك وه‌هم ده‌به‌خشێته‌وه‌، ته‌واوی هه‌سته‌كان بوونه‌ته‌ لایك و ئاماژه‌كانی دڵ، به‌و لایك و ئاماژانه‌ پاداشتێكی كاتی وه‌رده‌گرین، به‌ڵام ئه‌و هه‌سته‌ خه‌یاڵییانه‌ له‌گه‌ڵ ژیانی راسته‌قینه‌ تێكه‌ڵ ده‌بێت، به‌مه‌ش په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان زیاتر درزی تێده‌كه‌وێت و شه‌ق ده‌بێت".

له‌ به‌رامبه‌ریشدا، كۆمپانیای فه‌یسبووك، وه‌ڵامی ئه‌و لێدوانانه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری پێشووی كۆمپانیاكه‌ی دایه‌وه‌ و رایگه‌یاند، ئه‌و قسانه‌ی پالیهاپیتیا بانگه‌شه‌ن و ئه‌و كه‌سه‌ش زیاتر له‌ شه‌ش ساڵه‌ له‌ فه‌یسبووك دووركه‌وتووه‌ته‌وه‌.

فه‌یسبووك له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ده‌ڵێت: "كاتێك پالیهاپیتیا له‌ كۆمپانیاكه‌ بوو، زیاتر سه‌رنجمان له‌سه‌ر شاره‌زاییه‌كانی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ نوێیه‌كان بوو، ئه‌وكات كاری كۆمپانیاكه‌ جیاوازتر بوو له‌ ئێستا و له‌گه‌ڵ گه‌شه‌كردنی زیاتری فه‌یسبووك، به‌رپرسیارێتییه‌كان زیادییان كردووه‌".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "له‌گه‌ڵ شاره‌زایان و ئه‌كادیمیان له‌ ده‌ره‌وه‌ی كۆمپانیاكه‌، توێژینه‌وه‌ی زۆرمان ئه‌نجامداوه‌، بۆ ئه‌وه‌ له‌ كاریگه‌ری خزمه‌تگوزارییه‌كانمان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی تێبگه‌ین، ئێمه‌ شته‌كان بۆ پێشخستنی زیاتری به‌رهه‌مه‌كانمان به‌كارده‌هێنین".

چامات پالیهاپیتیا، به‌ڕێوه‌به‌ری جێبه‌جێكاری پێشوو له‌ كۆمپانیای فه‌یسبووك
چامات پالیهاپیتیا، به‌ڕێوه‌به‌ری جێبه‌جێكاری پێشوو له‌ كۆمپانیای فه‌یسبووك