له‌ باره‌ی باشترینی مێژوو، ماڕادۆنا وه‌ڵامی كریستیانۆ ده‌داته‌وه‌

ماڕادۆنا داواكارییه‌كی له‌ كریستیانۆ هه‌یه‌

دوای ئه‌وه‌ی كریستیانۆ خۆی به‌ باشترین یاریزانی مێژوو وه‌سف كرد، ماڕادۆنا هاته‌ ده‌نگ و پێیوایه‌ كریستیانۆ بێرێزی به‌ ئه‌ستێره‌كانی پێشووی خۆی كردووه‌.

دیێگۆ ئه‌رماندۆ ماڕادۆنا له‌ دیمانه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی ASـی ئیسپانیا، رایگه‌یاند كه‌ كریستیانۆ رۆناڵدۆ یاریزانێكی نایابه‌، به‌ڵام ره‌تی كرده‌وه‌ كه‌ باشترینی مێژوو بێت.

ماڕادۆنا ده‌ڵێت: داوا له‌ كریستیانۆ ده‌كه‌م واز له‌و قسه‌ هیچانه‌ بێنێت، چونكه‌ ئه‌و قسانه‌ بێرێزییه‌ به‌ ئه‌ستێره‌كانی پێشووی خۆی.

له‌ باره‌ی ئه‌وه‌ی كێ باشترینی مێژووه‌؟ ماڕادۆنا ده‌ڵێت: ناكرێت ئه‌ستێره‌یه‌ك به‌ سووپه‌رمانی مێژوو وه‌سف بكرێت، من له‌ كاتی خۆی زۆر یاریزانی نایابی هاوشێوه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی مێسی و كریستیانۆم بینیوه‌، له‌وانه‌ (ئه‌لفرێدۆ دی ستێفانۆ و یوهاین كرۆیف و چه‌ندان ئه‌ستێره‌ی دیكه‌).

ماڕادۆنا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات له‌ داهاتوویه‌كی نزیك، كلیان مباپێ ئه‌ستێره‌كانی سه‌رده‌می خۆی تووشی شۆك ده‌كات.

له‌ باره‌ی بێنزێما، ماڕادۆنای هه‌ڵگری ناسناوی مۆندیالی 1986 ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر كه‌ریم بێنزێما یه‌كێك بێت له‌ باشترین هێرشبه‌ره‌كانی جیهان، ده‌بێت به‌رگریكاره‌كان به‌ده‌ستییه‌وه‌ بناڵێنن.

كریستیانۆ رۆناڵدۆ دوای ریكۆرده‌كه‌ی لیۆنێل مێسی هاوتا كرده‌وه‌ و پێنجه‌مین خه‌ڵاتی تۆپی زێرینی برده‌وه‌، رایگه‌یاند كه‌ باشترینی مێژووه‌ و ئه‌وه‌ی ئه‌و كردوویه‌تی به‌ هیچ كه‌سی دیكه‌ نه‌كراوه‌.