باڵەخانەی قایمقامیەتی كۆیە و ناوچەی پارتی لە كفری سوتێندران
خۆپێشاندانەكان پشێویان تێكەوت
K24 - ھەولێر
پەیامنێرانی كوردستان24 رایانگەیاند: "ژمارەیەك لە خۆپێشاندەران لە قەزای كۆیە بالەخانەی قایمقامیەتی كۆیەیان سوتاند، ھەروەھا لە قەزای كفری بارەگای ناوچەی پارتی دیموكراتی كوردستان سوتێندرا.
لەلایەكی دیكە فازڵ بەشارەتی، بەرپرسی لقی 12ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ھەڵەبجە بە كوردستان24 راگەیاند: "لە لایەن ھەندێك كەسەوە ئامادەكاری دەكرێت بۆ پەلاماردانی بارەگای لقی پارتی لە ھەڵەبجە".
فازڵ بەشارەتی راشیگەیاند: "گێرەشێوێنییەكان لە بەرژەوەندی ھیچ كەس و لایەنێك نابن و ھەموو لایەك لێ زەرەرمەند دەبن، ناكرێت لەژێر داواكاری مووچە كوردستان بخرێتە دۆخی مەترسی".
ئاشكراشی كرد: "ئەمڕۆ دامودەزگا ئەمنییەكانی ھەڵەبجە لە كۆبوونەوەیەك پلانیان داڕشتووە بۆ پاراستنی دامودەزگاكانی حكومەت و بارەگا حزبییەكان لە شاری ھەڵەبجە".
پەیامنێری كوردستان24 لە كفری رایگەیاند: "ئێستا خۆپێشاندەران پەلاماری دادگای بەرایی كفریانداوە و بە بەرد جامی پەنجەرەكانیان شكاندووە و دەیانەوێت بیسوتێنن".
ئەمە لە كاتێكدایە دوێنێش لە شارۆچكەی پیرەمەگرونی سەر بە پارێزگای سلێمانی چەند دامودەزگایەكی حكومی و بارەگای حزبی سوتێندران.