سیروان بارزانی: ئه‌گه‌ر كێشه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا چاره‌سه‌رنه‌كرێن داعش ده‌گه‌رێته‌وه
سیروان بارزانی: هه‌رچه‌نده ئێمه له‌گه‌ڵ شه‌ڕدا نین به‌ڵام پێشمه‌رگه بۆ هه‌ر ئه‌گه‌رێك له‌ئاماده‌باشیدایه
K24- هه‌ولێر:
سيروان بارزانى به‌رپرسی میحوه‌ری گوێڕ مه‌خمووری هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، له‌باره‌ی هێرشه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی پاشماوه‌كانی داعش بۆسه‌ر سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه له چیای قه‌ره‌چووخ، به كوردستان 24ی راگه‌یاند، ئه‌و گروپه‌ی كه ئه‌مڕۆ هێرشیكرد له 30 كه‌س پێكهاتبوو و ئێستاش ته‌رمی 8 له كوژراوه‌كان كه‌وتۆنه‌ته ده‌ست هێزه‌كانی پێشمه‌رگه. هه‌روه‌ها گوتیشی، ئه‌مه خاڵێكی لاوازی سوپای عێراقه كه مه‌فره‌زه‌یه‌كی 30 كه‌سی له سنووری ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وانه‌وه بتوانێت دزه بكات و هێرش بكاته سه‌ر هێزه‌كانی پێشمه‌رگه.
هه‌ر له ڕێگه‌ی كوردستان 24ـه‌وه، سیروان بارزانی ده‌می په‌یامه‌كه‌ی له حه‌یده‌ری عه‌بادی فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كانی عێراق كرد و گوتی: داعش به‌كۆتا نه‌هاتووه، ئه‌گه‌ر كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به گفتوگۆ چاره‌سه‌ر نه‌كرێن و ده‌ست له‌ناو ده‌ستی پێشمه‌رگه نه‌نێن، ئه‌وا ئه‌گه‌ری زۆر بۆ دووباره گه‌ڕانه‌وه‌ی داعش له‌ئارادایه، له‌وانه‌شه زیانه‌كانی داهاتوو له‌هی رابردوو مه‌ترسیدارتر بن.
هه‌ر سه‌باره‌ت به هێرشه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی مه‌فره‌زه‌كه‌ی پاشماوه‌ی داعش بۆ سه‌ر سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه له چیای قه‌ره‌چوخ، سیروان بارزانی گوتی، هاوپه‌یمانانیش له‌و هێرشه ئاگاداركراونه‌ته‌وه و، دا‌واشیان له‌ئێمه كردووه، "ئه‌گه‌ر پێویست بكات به هێرشی ئاسمانی هاوكاری پێشمه‌رگه ده‌كه‌ین" و گوتیشی، هاوپه‌یمانێتی نێوان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش به‌رده‌وامه.
سه‌باره‌ت به جموجووڵه‌كانی حه‌شدی شه‌عبیش له‌و سنووره، سیروان بارزانی گوتی، هه‌رچه‌نده هیچ لایه‌نێك له‌گه‌ڵ شه‌ڕدا نییه، به‌ڵام جووڵه‌ی حه‌شدی شه‌عبی و هێزه عێراقیه‌كان له‌و ناوچه‌یه زیادی كردووه و، بۆ هه‌ر ئه‌گه‌رێكی نه‌خوازراویش پیشمه‌رگه له ئاماده‌باشیدایه. به‌ڵام وه‌ك خۆی ئاماژه‌یپێكرد، هێزه عێراقییه‌كان دڵنیاییان داوه‌ته هاوپه‌یمانان كه ئه‌وان به‌نیازی ئه‌نجامدانی هیچ هێرشێك نین بۆ سه‌ر سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه.