حەشدی شەعبی رێگرە لە كردنەوەی رێگای دھۆك - مووسڵ

"وەزارەتی پێشمەرگە لەسەر داوای دانیشتوانی ناوچەكە لەلای خۆیەوە رێگاكەی كردووەتەوە"

K24 - دھۆك

لە ھەفتەی رابردوودا وەزارەتی پێشمەرگە لەسەر داوای ھاووڵاتیانی ناوچەكە، بڕیاریدا رێگای نێوان دھۆك- مووسڵ بكرێتەوە، بەڵام حەشدی شەعبی رێگری لە كردنەوەی ئەو رێگایە دەكات كە ئاستەنگی زۆری بۆ ھاتووچۆ و ژیانی رۆژانەی دانیشتوانی ناوچەكە دروستكردووە.

عەبدولخالق بابیری، فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە میحوەری رۆژھەڵاتی دیجلە بە كوردستان24 گوت: "لەلایەن ھەرێمی كوردستان و رێگاكە كراوەتەوە، بەڵام حەشدی شەعبی لای خۆیەوە رێگاكەی داخستووە و نایكاتەوە".

گوتیشی: "ئەو رێگایە لە رووی ئابووری و كۆمەڵایەتیەوە بۆ خەڵكی ناوچەكە گرنگی زۆری ھەیە، بۆیە حكومەتی ھەرێمی كوردستان دەیەوێت ھاتووچۆ بەو رێگایەدا ئاسایی ببێتەوە".

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، خەڵكی ناوچەكە لە سنووری دھۆك و مووسڵ، لە رووی كۆمەڵایەتییەوە تێكەڵی زۆریان ھەیە، بەھۆی گیرانی ئەو رێگایە خەڵكەكە لێك جیاكراوەتەوە".