گۆڕان ئارامییەكەی تاسەر نەبرد
داوا دەكرێت رێگری لە پشێوییەكان بكرێت
K24 - ھەولێر
ژمارەیەك ھەڵسوراوی بزووتنەوەی گۆڕان تەواوبوونی وادەی چوار ساڵی ئارامی كوردستان رادەگەیەنن، بەڵام پەرلەمانتارێكی ئەو بزووتنەوەیە ئەمە رەتدەكاتەوە و دەڵێت، گۆڕان لەگەڵ ھێوركردنەوەی دۆخەكە و پاراستنی موڵك و ماڵی گشتی دایە. سیاسیەكانیش پەیامی خۆیان بۆ خۆپیشداندەران دەنێرن و دەڵێن، پێویستە بەشێوەیەكی مەدەنیانە داوای مافەكانی خۆیان بكەن و نەبنە ھۆكار بۆ پەرتەوازەبوونی قەوارەی سیاسی ھەرێمی كوردستان.
ئێڤار ئیراھیم، پەرلەمانتاری كوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان بە كوردستان24 راگەیاند: "ئێمە ھیچ كات لەگەڵ ئەوە نەبووینە دۆخی ھەرێمی كوردستان تێك بچێت، بەڵكو لەگەڵ ئەوەی دۆخەكە سەقامگیربێت، بەڵام دەكرێ پشتیوانی لە جەماوەری كوردستان بكەین بە ھێمنانە و دوور لە توندوتیژی و سوتاندنی بارەگاكانی حكومەت و حزبەكان، لەگەڵ ئەوەشدا حكومەتی ھەرێمی كوردستان كەمتەرخەم بووە، دەبوایە زۆر پێشتر كاری لەسەر ئەم دۆخە بكردایە".
سەبارەت بە رێگری لە پشێوی و توندوتیژی باپیر كامەلا، سكرتێری پارتی كرێكاران و رەنجدەرانی كوردستان دەڵێت: "لە پشێویەكان گەلی كوردستان بە ھەموو پێكھاتەكان زەرەرمەند دەبێت، بۆیە من پێم وایە ئەو پشێوییە خزمەت بە ھیچ لایەنێك ناكات و پێكەوەژیانی كوردستان ناكات، بە پێچەوانەوە دەرھاوێشتەی خراپی لێدەكەوێتەوە".
ئەمە لەكاتێكدایە لە چەند رۆژێكە خۆپێشاندان لە سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و ھەڵەبجە بەڕێوەدەچێت و پشێوی لێكەوتووەتەوە، بەوھۆیەوە ژمارەیەك كەس كوژران و چەندی دیكەش برینداربوون، دوێنێ بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی كشانەوەیان لە كابینەی ھەشتەمی حكومەتی ھەرێم راگەیاند. ھەرچەندە لە سەرەتایی بەشداریكردنی لە كابینەی حكومەت، بزووتنەوەی گۆڕان درووشمی چوار ساڵی ئارامی راگەیاندبوو، بەڵام دوای كەمتر لە دووساڵ، بەشێك لە پەرلەمانتار و وەزیرەكانی گۆڕان بە ھەمان كاری پێشوتری ئۆپۆزسیۆن دەركەوتن، ئەمەش بووە ھۆی ناكۆكی و پەرلەمانی كوردستان لەكاركەوت.