ته‌عریبكردنه‌وه‌ی كوردستان به‌رده‌وامه و هاووڵاتییانی كورد له ماڵه‌كانییان ده‌رده‌كرێن
به سه‌رپه‌رشتی پۆلیسی فیدرالی عێراق
K24 - هه‌ولێر:
له سنووری ناحیه‌ی سه‌رگه‌ڕانی قه‌زای دوبزی پارێزگای كه‌ركووك، به سه‌رپه‌رشتی پۆلیسی فیدرالی عێراق، پرۆسه‌ی دووباره ته‌عریب كردنه‌وه، ده‌ستیپێكردووه‌ته‌وه و دانیشتووانی چه‌ند گوندێك هه‌ڕه‌شه‌یان لێكراوه بۆ ئه‌وه‌ی خانووه‌كانییان جێبهێڵن.
به گوێره‌ی شایه‌تحاڵێكیش، كه تا ئێستاش ماڵی باوكی له گوندی په‌ڵكانه‌یه، پرۆسه‌كه به سه‌رپه‌رشتی عه‌قید عه‌لی، له فه‌وجی سێی لیوای 11ی پۆلیسی فیدرالی عێراق به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
به گوێره‌ی به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كیش كه ده‌ست كوردستان 24 كه‌وتووه، به‌ڵێننامه‌یه‌ك به هاووڵاتییانی كورد پڕده‌كه‌نه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی له ماوه‌ی سێ رۆژدا ماڵه‌كانییان جێبهێڵن، ئه‌و خانووانه‌شی كه له دوای خیانه‌تی 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه چۆڵ بوونه و دانیشتووانه‌كه‌ی ئاواره‌بوونه، راسته‌وخۆ عه‌ره‌به هاورده‌كان، له‌ناویدا نیشته‌جێ ده‌بن.
دیار به‌كر عه‌زیز، كوڕی موختاری گوندی په‌ڵكانه، بۆ كوردستان 24 رایگه‌یاند، عه‌ره‌به هاورده‌كان، به یاوه‌ری پۆلیسی فیدرالی عێراق، ده‌چنه سه‌ر ماڵه كورده‌كان و ئاگاداری‌یان ده‌كه‌نه‌وه، كه ده‌بێت له ماوه‌ی 3 رۆژدا ماڵه‌كانییان چۆڵ بكه‌ن، به‌پێچه‌وانه‌وه خۆیان به‌رپرسیار ده‌بن.
به گوێره‌ی گوته‌ی شایه‌تحاڵێكی ناو رووداوه‌كه‌ش، كه نه‌یویست ناوه‌كه‌ی ئاشكرا بكرێت، بۆ كوردستان 24 رایگه‌یاند، ته‌واوی هاووڵاتییانی گوندی پهڵكانهیان ئاگاداركردووه‌ته‌وه ماڵه‌كانییان جێبهڵێن، له داهاتوودا ده‌چنه گوندی شه‌ناغه و دواتریش سه‌ربه‌شاخ، تا ته‌واوی سنووری ناحیه‌ی سه‌رگه‌ڕان، ته‌عریب ده‌كه‌نه‌وه.
هه‌روه‌ها رایگه‌یاند، عه‌قید عه‌لی، له فه‌وجی سێی لیوای 11ی پۆلیسی فیدرالی، گوێ به گوته‌ی كه‌س نادات و ته‌نانه‌ت ئاماده نه‌بووه هیچ روونكردنه‌وه‌یه‌كیش بداته پۆلیسی سه‌رگه‌ران، ته‌نها ده‌ڵێت: "من فه‌رمان له ئێوه وه‌رناگرم" و له ده‌ركردنی ماڵه كورده‌كانیش به‌رده‌وامن.
له هه‌ڵمه‌ته‌كانی ته‌عریبكردنی كوردستان و گۆڕینی دیمۆگرافیای كوردستان، حكوومه‌تی به‌عس له ژێر ناوی هه‌ڵمه‌تی ته‌عریبدا، ته‌واوی زه‌وییه‌كانی ئه‌و ناوچانه كرده موڵكی حكوومه‌تی عێراق و له ژێر ناوی نوێ و به گرێبه‌ستی نوێ، به عه‌ره‌به هاورده‌كانی به‌خشیوه، دوای پرۆسه‌ی ئازادكردنی عێراقیش، خاوه‌ن موڵكه كورده‌كان، گه‌ڕاونه‌ته‌وه سه‌ر ماڵه‌كانییان له‌و ناوچانه، عه‌ره‌به هاورده‌كان ناوچه‌كانییان جێهێشت.
ئێستا جارێكی دیكه و له دوای خیانه‌تی 16ی ئۆكتۆبه‌ر، جارێكی دیكه هه‌وڵی ته‌عریبكردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه ده‌درێت، به دووباره هێنانه‌وه‌ی عه‌ره‌به‌كانی به‌عاج و حه‌زه‌ر، بۆ ئه‌و ناوچانه و دووباره له‌و شوێنانه نیشته‌جێیان ده‌كه‌نه‌وه.