موسەنا ئەمین: تەعریبكردنەوەی ناوچە كوردستانیەكان زەنگێكی مەترسیدارە

"پێویستە سەرۆك كۆمار رۆڵی خۆی ببینێت"

K24 - سلێمانی

موسەنا ئەمین، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە شاری سلێمانی رایگەیاند: "حکومەتی عێراق لە رێگەی دادگا و بە پاساوی سەپاندنی هەیبەتی دەوڵەت دەیەوێت ناوچە کوردستانییەکان تەعریب بکاتەوە".

گوتیشی: "حکومەتی عێراق دەیەوێت لە رێگەی برسیکردن و زەبوونکردنی گەلی کورد، وەبەرهێنان لە دەنگ لە سەرتاسەری عێراق بکات".

راشیگەیاند: "ئێستا بۆ قایل كردنی رای گشتی دەڵێن، وردبینی لە ھەندێك لیستی مووچەخۆران دەكەن، بەڵام لە راستیدا ئاسۆیەكی روون دیار نییە كە ئەمانە كەی تەسلیم دەبن بەوەی كە ئەو 300 بەرمیل نەوتەی كەركووك كە بەشێكە لە بودجەی ساڵی 2016 و 2017، ئێستا بەغدا دەستی بەسەردا گرتووە، بۆ لە 16 ئۆكتۆبەرەوە ھیچ بڕە پارەیەكی بۆ ھەرێم نەناردووە، رەنگە بیانەوێت جارێكی دیكە ھەرێمی كوردستان لەم قەیرانە قوڵەوە بخەنەوە بەردەم ئاڵۆزیی زیاتر، ئەمە بەرپرسیاریەتی زیاتر دەخاتە ئەستۆی عەبادی و حكومەتەكەی دروست دەكات، پێویستە یاری بەم ئاگرانە نەكەن ئەم حاڵەتەی لە عێراق ھەیە نابەرپرسانەیە".

موسەنا ئەمین گوتی: "لێرەوە پەیامێك بە سەرۆك كۆماری عێراق دەدەم، وەك پارێزەری جێبەجێكردنی دەستوور رۆڵی خۆی ببینێ، ھەروەھا ناچاركردنی حكومەت بە ناردنی بودجە بۆ ھەرێمی كوردستان و ناچاركردنی عەبادی بە دەستپێكردنی گفتوگۆكردنی بێمەرج لەگەڵ ھەرێمی كوردستان".

ھ.م