خەریکە زیدان بە دەردی بێنیتیز بچێت

ئامارەکانی 2016ی بێنیتیز لە ئامارەکانی 2018ی زیدان باشترن

نووسینی: سەردار جەبار

زینەدین زیدانی فەڕەنسی ڕاھێنەری یانەی ڕیال مەدریدی ئیسپانی خراپترین کاتەکانی لەگەڵ یانەی شاھانە بەڕێدەکات، بگرە ئەم وەرزە بە یاریەکی دواخراویشەوە ئامارەکانی لە ڕافاێل بێنێتێزی ڕاھێنەری پێشووی یانەکە خراپترە، کە ڕافا لە فێبرایەری 2016  لە پۆستەکەی دوورخرایەوە .

دوای تێپەڕبوونی 18 گەڕ بەسەر خولی ئیسپانی ڕافا بێنیتێز توانی بووی 37 خاڵ کۆبکاتەوە و پلەی دووەمی ململانێکە داگیربکات و پێنج خاڵ لە بارسێلۆنای پێشەنگەوە دووربوو، لێ ئێستا لە ژێر ڕکێفی زیزۆ مێرێنگێ 16 خاڵ لەدوای ڕکابەرە ھەمیشەییەکەیەتی، ئەگەر یارییە دواخراوەکەش لە لێگانێس بباتەوە ھێشتا دوای تێپەڕبوونی ھەمان ژمارەی یاری ئەنجامەکانی زیدان لە ھی بێنیتێز خراپتر دەردەکەون، کە ئەو دەم بەھۆیەوە ڕاھێنەرە ئیسپانیەکە لەپۆستەکەی دوورخرایەوە .

ئەو جیاوازیە لەکاتێکدایە لەسەردەمی بێنیتێز زۆربەی یاریزانە کاریگەرەکانی یانەکە لەگەڵ ڕافا دڵخۆش نەبوون و چەند جارێک نیگەرانیان بەکارکردن لەگەڵ ئەو ڕاھێنەرە بەگوێی پێرێزی سەرۆکی یانە چرپاندبوو، لە بەرامبەردا ھیچ یاریزانێک کێشەی لەگەڵ زیدان نییە کەچی ئەنجامەکانیش وەک پێویست نین.

ئێستا لەژێر پلان و تاکتیکەکانی ڕاھێنەرە فەڕەنسیەکە مێرێنگێ لە 18 یاریدا خاوەنی 32 خاڵە و لەپلەی چوارەمی ڕیزبەندی ڕکابەریەکە گیرساوەتەوە 7 خاڵ لە ئاتلێتیکۆ مەدریدی دووەم و 5 خاڵ لە ڤاڵێنسیای سێیەم دوورە.

لە مانگی شوباتی 2016 بەھۆی ئەنجامە خراپەکانیان و ناکۆکی لەژووری جلگۆڕینی یاریزانان کارگێڕی مێرێنگێ ڕافا بێنێتێزی لەپۆستەکەی لادا و زینەدەین زیدانی فەڕەنسی یاریزانی پێشووی یانەکەی لە شوێنی جێگیر کرد، لەو ساوە ڕاھێنەرە فەڕەنسیەکە توانیویەتی 8 ناسناو لەگەڵ ڕیال مەدرید بچنێتەوە لەنێویدا 2  چامپیۆنس لیگ و جامێکی خولی ئیسپانی و دوو سووپەری ئەوروپی و دوو جامی جیھانی یانەکان و 1 سووپەری ئیسپانی.