سه‌ره‌تای مانگی داهاتوو هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی كه‌ركووك بۆ ئێران ده‌ستپێده‌كات
ئێران ده‌یه‌وێت بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی فشاره ئابووریه‌كان له‌سه‌ر وڵاته‌كه‌ی به‌زووترین كات نه‌وتی كه‌ركووك هه‌نارده‌ی وڵاته‌كه‌ی بكرێت
K24- هه‌ولێر:
جه‌بار عه‌لی حوسێن لعێبی، وه‌زیری نه‌وتی عێراق ئاشكرایكرد، له كۆتایی ئه‌م مانگه‌دا حكومه‌تی عێراق ده‌ست به هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی كه‌ركووك بۆ پاڵێوگه‌ی كرماشانی ئێران ده‌كات و جه‌ختیشی كرده‌وه، قۆناغی یه‌كه‌می ئه‌و پرۆسه‌یه رۆژانه به‌ناردنی 30 هه‌زار به‌رمیل ده‌ستپێ ده‌كات و له قۆناغه‌كانی داهاتوودا ئه‌و رێژه‌یه زیاد ده‌كرێت.
هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی نه‌شارده‌وه، حكومه‌تی عێراق له‌ژێر فشاره‌كانی كۆماری ئیسلامی ئێران ئه‌و كاته‌ی دیاریكردووه، به‌مه‌به‌ستی كه‌مكردنه‌وه‌ی فشاره ئابوورییه‌كانی سه‌ر ئێران، كه دواجار بووه هۆی ته‌قینه‌وه‌ی خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ری گه‌وره له زۆربه‌ی شاره‌كانی ئه‌و وڵاته.
به‌گوێره‌ی رێككه‌وتنێك كه له‌مانگی رابردوودا له‌نێوان حكومه‌ته‌كانی به‌غدا و تاران ئیمزا كرا، گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی كه‌ركووك بۆ ئێران له‌ڕێگه‌ی بارهه‌ڵگره‌كانه‌وه ده‌بێت و، به‌گوێره‌ی ئه‌و رێككه‌وتنه رۆژانه شێست هه‌زار به‌رمیل له نه‌وتی كه‌ركووك ره‌وانه‌ی ئێران ده‌كرێت، له‌به‌رامبه‌ریشدا كۆماری ئیسلامی له به‌نده‌ره‌كانی باشووره‌وه هه‌مان بڕی نه‌وتی خۆی ده‌داته عێراق، بۆئه‌وه‌ی له‌ڕێگه‌ی به‌نده‌ركانی كه‌نداوی عه‌ره‌به‌وه له پارێزگای به‌سره ره‌وانه‌ی بازاڕه‌كانی جیهان بكرێت. ئه‌مه‌ش بۆئه‌وه‌ی تێچووی گواستنه‌وه هه‌م بۆ عێراق و هه‌میش بۆ ئێران كه‌متر بێته‌وه.
دوای رووداوه‌كانی 16ی ئوكتۆبه‌ر و هێرشی حه‌شدی شه‌عبی بۆ سه‌ر ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم، دواتریش كۆنترۆڵكردنی بیره نه‌وته‌كانی كه‌ركووك له‌لایه‌ن هێزه عێراقییه‌كانه‌وه، هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی كه‌ركووك وه‌ستاوه، كه پێشتر ئه‌و بیره نه‌وتانه له‌ژێر كۆنترۆڵی هه‌رێمی كوردستاندا بوون.
هه‌رچه‌نده زۆربه‌ی بۆچوونه‌كانی خێراكردنی ئه‌و پرۆسه‌یه بۆ ئه‌و فشاره ئابووریانه ده‌گێڕنه‌وه، كه له‌سه‌ر كۆماری ئیسلامی ئێران درووست بوونه و ئێران ده‌یه‌وێت له‌ڕێگه‌ی ئه‌و كاره ئاستی ئابووری وڵاته‌كه‌ی به‌رز بكاته‌وه و تاڕاده‌یه‌ك ده‌نگی خۆپیشانده‌رانی وڵاته‌كه‌ی كپ بكاته‌وه، به‌ڵام به‌شێك له پسپۆرانیش له‌و باوه‌ڕه‌دان، ئامانجێكی دیكه‌ی خێراكردنی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی نێوان ئێران و عێراق، بۆ گه‌یشتنه به چاره‌سه‌رێك بۆ كێشه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا، كه زۆربه‌ی دۆسیه ناكۆكه‌كانی نێوانیان به چاره‌سه‌ری دارایی یه‌كلایی ده‌بنه‌وه. هه‌ندێكی دیكه‌ش وا بۆی ده‌چن، ئه‌مه پیلانێكی كۆماری ئیسلامی ئێران‌و، بۆئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستانی پێ سزا بدات و رێگه نه‌دات نه‌وتی كه‌ركووك له‌ڕێگه‌ی هێڵی كوردستان جه‌یهانه‌وه ره‌وانه‌ی بازاڕه‌كانی جیهان بكرێت.