ئه‌مه‌ریكا داوای یه‌كڕیزی ناوماڵی كورد ده‌كات
دۆگلاس سیلیمان: ئه‌مه‌ریكا فشار ده‌خاته سه‌ر به‌غدا بۆئه‌وه‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم بنێرێت
K24- هه‌ولێر:
ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا نیگه‌رانی خۆی له‌باره‌ی په‌رته‌وازه‌یی نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی نیشاندا و رایگه‌یاند، نه‌بوونی یه‌كڕیزی له‌نێوان لایه‌نه كوردییه‌كان، كۆسپ ده‌خاته به‌رده‌م گفتوگۆكانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا.
دۆگلاس سیلیمان باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له عێراق، له‌لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، "وڵاته‌كه‌ی جه‌خت له‌سه‌ر گرنگی بوونی هه‌رێمی كوردستان له‌چوارچێوه‌ی عێراقدا ده‌كات و گوتیشی، له‌داهاتوودا ئێمه چه‌ندین دیدارمان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی عێراقی بۆ چاره‌سه‌ركردنی ناكۆكییه‌كان ده‌بێت و كار بۆ هاندانی هه‌ولێر و به‌غدا بۆ ده‌ستپێكردنی گفتوگۆ ده‌كه‌ین". سیلیمان گوتیشی "وڵاته‌كه‌ی هه‌موو هه‌وڵه‌كانی بۆ فشارخستنه سه‌ر عێراق به‌كارده‌هێنێت، به‌مه‌به‌ستی پێدانی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی ده‌روازه سنوورییه‌كان و هه‌ماهه‌نگی ئه‌منی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان".
باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له عێراق جه‌ختی كرده‌وه، "وڵاته‌كه‌ی له درزی نێوان لایه‌نه سیاسیه‌كانی كوردستان نیگه‌رانه، چونكه وه‌ك خۆی ئاماژه‌ی پێكرد، ئه‌مه گفتوگۆكانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا په‌ك ده‌خات"، گوتیشی "ئێمه گومانمان نییه كه نیازێك له‌لایه‌ن هه‌ردوو حكومه‌تی هه‌ولێر و به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنی كیشه‌ی كه‌ركوكیش له‌ئارادایه و چه‌ند هه‌نگاوێكی كرده‌ییش له‌مباره‌یه‌وه نراون".
سه‌باره‌ت به هه‌ڵوێستی ئه‌مه‌ریكاش له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق سیلیمان گوتی: "پێویسته هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌كاتی خۆیدا و به‌گوێره‌ی ده‌ستووری عێراق ئه‌نجامبدرێن"، روونیشیكرده‌وه "دیموكراتخوازه‌كان رووبه‌ڕووی كۆسپ و له‌مپه‌ر ده‌بنه‌وه، بۆیه پێویسته له‌چوارچێوه‌ی ده‌ستووردا پشتگیری‌یان لێ بكرێت".
هه‌رچه‌نده پێشتریش چه‌ندین جار حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق جه‌ختی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌كاتی خۆیاندا كردۆته‌وه، به‌ڵام بۆچوونێكی به‌هێز بۆ دواخستنی ئه‌و هه‌ڵبژاردنانه له شه‌قامی عێراقی ده‌خولێته‌وه، كه یه‌كێك له گه‌وره‌ترین ئه‌و فاكته‌رانه‌ی رێگه به‌و هه‌ڵبژاردنانه نادات ئه‌وه‌یه، كه هێشتا زیاتر له دوو ملیۆن ئاواره‌ی ناوخۆ نه‌گه‌ڕێندراونه‌ته‌وه ناوچه‌كانیان، ئه‌مه‌ش پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌و ناوچانه په‌ك ده‌خات.