لە ساڵێكدا 230 رۆژنامەنووس لە ھەرێمی كوردستان پێشێلكاریان بەرامبەركراوە
پێشێلكارییەكان لە 2017 زیادیكردووە
K24 - ھەولێر
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان ئاماری پێشێلكارییەكانی ساڵی 2017 بەرامبەر رۆژنامەنووسان راگەیاند، بەگوێرەی ئامارەكە پێشێلكارییەكان بە بەراورد بە ساڵی 2016، زیادیكردووە و لەساڵی رابردوو 230 رۆژنامەنووس پێشێلكاریان بەرامبەركراوەو 4 رۆژنامەنووسیش تیرۆركراون.
وەك لە ئامارەكەدا ھاتووە: "لەساڵی رابردوو 3 حاڵەتی تیرۆكردنی رۆژنامەنووسان ھەبووە و 4 رۆژنامەنووس تیرۆكراون، ھەروەھا 2 رۆژنامەنووس شەھیدبوونە و 5 رۆژنامەنووسیش برینداربوونە".
سەندیكای رۆژنامەنووسان لە ئامارەكەدا ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە: "لە ساڵی رابردوو لە ھەرێمی كوردستان، ھەڕەشە لە 18 رۆژنامەنووس كراوە، ھەروەھا رێگریش لە 111 رۆژنامەنووس كراوە".
بەپێی ئامارەكانی سەندیكای رۆژنامەنووسان، پێشێلكارییەكان لە ساڵی 2017 زیادیكردووە، بە جۆرێك لە ساڵی 2016، پێشێلكاری بەرامبەر بە 80 رۆژنامەنووسكراوە، بەڵام لە ساڵی 2017 ژمارەكە بەرزبووەتەوە بۆ 230، ھەروەھا لە ساڵی 2016 2 رۆژنامەنووس تیرۆركراون، بەڵام لە ساڵی 2017 ئەو ژمارەیە زیادیكردووە و 4 رۆژنامەنووس تیرۆركراوە.

