ئێران ده‌یه‌وێت لقێكی زانكۆی ئازادی ئیسلامی له هه‌ولێر بكاته‌وه
ئێران ده‌ڵێت: 3 وڵات له‌سه‌ر كردنه‌وه‌ی لقه‌كانی زانكۆی ئازادی ئیسلامی له‌ناو خاكه‌كانیان رازی بوونه له‌ناویاندا عێراقیش هه‌یه
K24- هه‌ولێر:
عه‌لی ئه‌كبه‌ر ویلایه‌تی، راوێژكاری سه‌ركرده‌ی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بۆ كاروباری نێوده‌وڵه‌تی و، هاوكات سه‌رۆكی ده‌سته‌ی دامه‌زراوه‌كانی "زانكۆی ئازادی ئیسلامی" رایگه‌یاند، به‌شار ئه‌سه‌د سه‌رۆكی رژێمی سووریا رازی بووه لقه‌كانی زانكۆكه‌یان له شاره‌كانی ئه‌و وڵاته بكرێنه‌وه.
به‌گوێره‌ی ئاژانسی ته‌سنیمی ئێران، شه‌وی رابردوو ویلایه‌تی له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، ئه‌و نامه‌یه‌كی ئاراسته‌ی به‌شار ئه‌سه‌دی سه‌رۆكی سووریا كردووه، تێیدا ئاماده‌یی خۆی بۆ كردنه‌وه‌ی لقه‌كانی زانكۆی ئازادی له شاره‌كانی سووریا راگه‌یاندووه و رونیشی كرده‌وه، ئه‌سه‌د بڕیاری كردنه‌وه‌ی لقه‌كانی ئه‌و زانكۆیه‌ی له سه‌رجه‌م شاره‌كانی وڵاته‌كه‌ی ده‌ركردووه.
له‌به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، ویلایه‌تی ئاماژه‌ی به دیداره‌كه‌ی له‌گه‌ڵ هومام حه‌مودی، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی باڵای ئیسلامی عێراقی كرد و گوتی، "حه‌مودی ئاره‌زووی خۆی بۆ كردنه‌وه‌ی لقه‌كانی ئه‌و زانكۆ ئیسلامییه‌ی له سه‌رجه‌م شاره‌كانی عێراق نیشانداوه، به‌گوێره‌ی لێكتێگه‌یشتنێكی هاوبه‌ش كه پێشتر له‌گه‌ڵ عه‌مار حه‌كیم ئیمزامان كردووه، لقه‌كانی ئه‌و زانكۆیه له شاره‌كانی كه‌ربه‌لا، نه‌جه‌ف، به‌غدا، به‌سره و هه‌ولێریش ده‌كه‌ینه‌وه".
عه‌لی ئه‌كبه‌ر ویلایه‌تی گوتی، "له دیداره‌كه‌ماندا له‌گه‌ڵ حه‌سه‌ن نه‌سروڵڵا، ئه‌مینداری حزبوڵڵای لوبنانیشدا پێشنیازی كردنه‌وه‌ی لقێكی گشتگیری ئه‌و زانكۆیهمان له لوبنان كردووه و، ئه‌ویش به‌ڵێنی پێداوین، كه ره‌زامه‌ندی وه‌زاره‌تی فێركاری لوبنانی به‌ده‌ست بهێنێت، بۆئه‌وه‌ی ئه‌و پرۆژه‌یه بخرێته بواری جێبه‌جێ كردنه‌وه".
زانكۆی "ئازادی ئیسلامی" سه‌نته‌ره‌كه‌ی ده‌كه‌وێته رۆژهه‌ڵاتی تارانی پایته‌ختی ئێران، وێڕای بوونی چه‌ندین كۆلیژ و به‌شی جیاواز له‌و زانكۆیه، به‌ڵام ده‌گوترێت، به‌گشتی ئه‌و زانكۆیه گرنگی به ته‌شه‌یوع و مه‌زهه‌بگه‌رایی ده‌دات و په‌یڕه‌وی بیری فراوانخوازی سیاسه‌ته‌كانی ئێران ده‌كات.