ترەمپ: بەم زووانە گرژییەکان لەگەڵ ئێران کۆتاییان دێت
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: بابەتی تاران بەم زووانە بە شێوازێک لە شێوازەکان کۆتایی دێت. هاوکات ئاشکرای کرد، سوپای ئێران، هێزی دەریایی، ئاسمانی و تەواوی سیستەمەکانی بەرگریی ئەو وڵاتە لەناو براون و گەمارۆیەکی تەواوەتیش بەسەر گەرووی هورمزدا سەپێنراوە.
هەینی، 9ـی تشرینی یەکەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "ئێمە بە تەواوی رێگریمان لە ئێران کرد دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات و، بەم زووانە کۆتایی بە تەواوی ئەم بابەتە دەهێنین".
سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە توانای بەرگری و سەربازیی تاران ئاشکرای کرد: ئێران چیدیکە خاوەنی سوپا، هێزی دەریایی، هێزی ئاسمانی، یان سیستەمی بەرگریی دژەفڕۆکە نییە.
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، ترەمپ پەردەی لەسەر سەپاندنی گەمارۆیەکی توندی سەربازی لادا و گوتی: "ئێمە گەمارۆیەکی دەریاییمان بەسەر گەرووی هورمزدا سەپاندووە و رێگە بە هیچ لایەنێک نادەین بەرەو ئێران تێپەڕ ببێت یان لەوێوە بێتە دەرەوە."
هاوکات ئاماژەی بەوە کرد، دوێنێ بڕی 28 ملیۆن بەرمیل نەوت لە رێگەی گەرووی هورمزەوە گواستراوەتەوە، کە ئەمەش گەورەترین ڕێژەی نەوتە لە دوای دەستپێکردنی جەنگەوە لەو گەرووەوە هەناردە کرابێت و لە هەر کاتێکی دیکەی مێژوو زیاترە.
سەبارەت بە چارەنووسی جەنگەکە و لێکەوتە ئابوورییەکانی، سەرۆکی ئەمریکا پێداگریی کرد لەسەر ئەوەی "جەنگ لەگەڵ ئێران بەم زووانە و بە شێوازێک لە شێوازەکان کۆتایی دێت، ئێمەش توانای ئەوەمان هەیە بە هەر یەکێک لە رێگەکان کۆتایی پێ بهێنین."