لە حەسەکە خۆپیشاندەرانی عەرەب هێرشیان کردە سەر هاووڵاتییانی کورد
شاری حەسەکە لە رۆژئاوای کوردستان، دوای ئەوەی خۆپیشاندەرانی عەرەب هێرشیان کردە سەر هاووڵاتییانی کورد و زیانیان بە چەندین ئۆتۆمبێل گەیاند، رووبەڕووی دۆخێکی نائارام بووەوە. هاوکات هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دەستبەجێ هێزەکانیان لە تەواوی شارەکەدا بڵاوە پێکرد و رێگرییان لە سەرهەڵدانی پێکدادانی نەتەوەیی لە نێوان پێکهاتەی کورد و عەرەبدا کرد.
هەینی 9ی تشرینی یەکەمی 2026، بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری "کوردستان24" لە حەسەکە، گرژییەکان لە دوێنێوە دەستیان پێکردووە، کاتێک بەشێک لە دانیشتووانی عەرەبی گەڕەکی غۆیران و گوندەکانی دەوروبەری بەرەو ناوەندی شار و بەردەم کۆشکی دادوەری خۆپیشاندانیان کرد و ئاڵای حکوومەتی سووریایان بەرز کردەوە.
لە درێژەی خۆپیشاندانەکەدا، هێرش کراوەتە سەر هاووڵاتییانی کورد لە نزیک بازنەی سەرەکی و گەراجی شارەکە؛ خۆپیشاندەران دروشمی شۆڤێنیانەیان گوتووەتەوە، تابلۆی وێنەی شەهیدانی ئاسایشیان دڕاندووە و بە بەرد زیانیان بە چەند ئۆتۆمبێلێکی هاووڵاتییانی کورد گەیاندووە.
بەهۆی ئەم هێرشانەوە، گەنجانی کورد لە گەڕەکەکانی وەک تەل حەجەر هاتنە سەر شەقام بۆ بەرگریکردن لە گەڕەکەکانیان و جەختیان لەوە کردەوە کە سازش لەسەر ئاسایش و سەلامەتیی هاووڵاتییانی کورد ناکەن.
دەستبەجێ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بە شێوەیەکی فراوان لە چوارڕیان، گۆڕەپان و دەروازەی نێوان گەڕەکەکاندا جێگیر بوون، رێگاکانیان داخست و کەشێکی ئەمنیی توندیان سەپاند بۆ ئەوەی رێگری لە هەر چەشنە رووبەڕووبوونەوە و پێکدادانێکی نەتەوەیی لە نێوان کورد و عەرەبدا بگرن.
ئێستا دۆخی شاری حەسەکە هێور بووەتەوە، هەرچەندە هاتوچۆی خەڵک و ئۆتۆمبێل لە ترسی سەرهەڵدانەوەی گرژییەکان زۆر کەم بووەتەوە و هێزەکانی ئاسایش بە تەواوی شارەکەیان کۆنترۆڵ کردووە.
فەرماندەیی هێزەکانی ئاسایش رایانگەیاندووە، ئامانجی سەرەکییان پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتییە و رێگە بە هیچ هەوڵێک نادەن بۆ هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆیی و تێکدانی برایەتیی نێوان پێکهاتەکانی شارەکە.