باڵیۆزی به‌ریتانیا له عێراق: هه‌ر گۆڕانكارییه‌كی دیمۆگرافی له ناوچه كوردستانییه‌كان ره‌ت ده‌كه‌ینه‌وه
باڵیۆزی به‌ریتانیا: پێویسته حكومه‌تی عێراق له‌باره‌ی پشكی هه‌رێم له قه‌رزی نێوده‌وڵه‌تی پابه‌ندی رێنماییه‌كانی سندوقی نێوده‌وڵه‌تی بێت
K24- هه‌ولێر:
جۆن ویلكس، باڵیۆزی به‌ریتانیا له به‌غدا، له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له هه‌ولێر جه‌ختی كرده‌وه، وڵاته‌كه‌ی هه‌ر جۆره گۆڕانكارییه‌كی دیمۆگرافی له ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم ره‌ت ده‌كاته‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ی رێككه‌وتنی پێشوه‌خته له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌سه‌ر كرابێت.
ویلكس گوتی: "به‌ریتانیا پێشوازی له‌و ده‌ستپێشخه‌رییه ده‌كات، كه له‌ئێستادا بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌ئارادایه". رونیشی كرده‌وه، "وڵاته‌كه‌ی له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته په‌یوه‌ندی به حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقه‌وه ده‌كات، بۆئه‌وه‌ی رێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه بێته ئاراوه".
باڵیۆزی به‌ریتانیا له به‌غدا له به‌رده‌وامی قسه‌كانیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "ئێستا عه‌بادی هیچ پاساوێكی نه‌ماوه، به‌تایبه‌ت دوی رازیبوونی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر ته‌واوی داواكارییه‌كانی حكومه‌تی عێراق له‌باره‌ی ده‌روازه سنوورییه‌كان و فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌ولێر و سلێمانی"، جه‌ختیشی كرده‌وه، "ئه‌و هه‌واڵانه‌ی باس له كاری كۆمپانیای بریتش پترۆڵیۆم له كه‌ركووك ده‌كه‌ن، زیاده‌ڕۆیی زۆریان تێدایه و، تائێستا هیچ گرێبه‌ستێك له‌نێوان ئه‌و كۆمپانیایه و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئیمزا نه‌كراوه".
ویلكس گوتی، وڵاته‌كه‌ی پشتگیری هه‌ر كۆمپانیایه‌كی به‌ریتانیش ده‌كات، كه بیانه‌وێت له عێراق كاری وه‌به‌رهێنان بكه‌ن و ئاشكراشیكرد، ئه‌و كۆمپانیا به‌ریتانیانه‌ی ئێستا له عێراق كار ده‌كه‌ن ژماره‌یان 140 كۆمپانیایه.
باڵیۆزی به‌ریتانیا جه‌ختی كرده‌وه، ده‌بێت كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به‌گوێره‌ی ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بكرێن. هه‌وره‌ها داواشی له حكومه‌تی عێراق كرد، سه‌باره‌ت به پشكی هه‌رێمی كوردستان له هاوكاری دارایی و قه‌رزی نێوده‌وڵه‌تی، پابه‌ندی رێنماییه‌كانی سندوقی نه‌ختینه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بێت.
ویلكس ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، وڵاته‌كه‌ی پێشوازی له‌و شانده‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، كه له‌سه‌ر بانگهێشتی تێریزا مه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا سه‌ردانی وڵاته‌كه‌یان ده‌كات.
بڕیاره له‌سه‌ر بانگهێشتی سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا، شاندێكی هه‌رێمی كوردستان به سه‌رۆكایه‌تی نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم سه‌ردانی به‌ریتانیا بكات، به‌ڵام تائێستا كاتی سه‌ردانه‌كه دیاری نه‌كراوه.