رووسیا: رێوشوێنی تایبه‌تمان بۆ پاراستنی هێزه‌كانمان له عه‌فرین گرتۆته به‌ر
رووسیا هێزه‌كانی له عه‌فرین ده‌گوازێته‌وه
K24- هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی به‌رگری رووسیا له به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، فه‌رمانده‌یی هێزه‌كانیان له سووریا رێوشوێنی تایبه‌تی بۆ پاراستنی سه‌لامه‌تی گیانی سه‌ربازه‌كانیان له عه‌فرین گرتۆته به‌ر.
له به‌یاننامه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی به‌رگری رووسیادا هاتووه؛ "بۆ پاراستنی سه‌لامه‌تی گیانی ئه‌و سه‌ربازه رووسیانه‌ی له ناوچه‌ی عه‌فرینی باكووری سووریا جێگیركراون، فه‌رمانده‌یی هێزه‌كانی رووسیا له‌و وڵاته رێوشوێنی تایبه‌تی گرتۆته به‌ر، بۆ دوورخستنه‌وه‌ی مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانی هێزه‌كانیان له‌و دۆخه‌ی كه به‌هۆی هێرشه‌كانی توركیا له دژی هێزه كوردییه‌كانی رۆژئاوای كوردستان هاتۆته ئاراوه، هێزه‌كانیان له‌ناو سه‌نته‌ری عه‌فرین گواستۆته‌وه بۆ ناوچه‌ی ته‌ل ره‌فعه‌ت".
وه‌زاره‌تی به‌رگری رووسیا راشیگه‌یاندووه، "ناوه‌ندی رووسی بۆ نێوه‌ندگیری له نزیكه‌وه چاودێری ناوچه‌ی ته‌ل ره‌فعه‌ت ده‌كات، ئه‌مه‌ش له‌پێناو ده‌سته‌به‌ركردنی هاوكاری پێویست و به‌په‌له بۆ خه‌ڵكی سڤیل، بۆ ئه‌وه‌ی كارئاسانییان بۆ بكه‌ن، ناوچه‌ی شه‌ڕ چۆڵ بكه‌ن".
به‌ره‌به‌یانی دوێنێ، هێزه‌كانی سوپای توركیا له سه‌ر سنوور ده‌ستیان به بۆردومانكردنی ناوچه‌ی عه‌فرین كرد و، ئه‌مڕۆش له‌ڕێگه‌ی هێزه ئاسمانییه‌كانه‌وه هێرشه‌كانی بۆ سه‌ر بنكه و باره‌گاكانی هێزه كوردییه‌كان له‌و ناوچه‌یه چڕتر كردۆته‌وه.