له‌ دوو رۆژى داهاتوودا واده‌ى كردنه‌وه‌ى فڕۆكه‌خانه‌كانى هه‌رێم راده‌گه‌يه‌نرێت

تیمێکی تەکنیکی لە بەغداوە بۆ بڕیاردان لە کردنەوەی فڕۆکەخانەکان دەگەنە هەولێر

K24 – هه‌ولێر:

تیمێکی تەکنیکی لە بەغداوە بۆ بڕیاردان لە کردنەوەی فڕۆکەخانەکان دەگەنە هەولێر و وادەی کردنەوەی فڕۆکەخانەکان دیاری دەکەن.

بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24 بڕیارە لە دوو رۆژی داهاتوو شاندێکی تەکنیکی تایبەت بە فڕۆکەخانە و دەسەڵاتی فڕۆکەوانی شارستانی و وەزارەتی گواستنەوه‌ی عێراق سەردانی هەولێر بکەن.

ئەندامانی شاندەکە لەگەڵ هاوتاکانین لە هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە و بڕیار لە وادەی کردنەوەی فڕۆکەخانەکان دەدەن.

سەرچاوەیەکی باڵا لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند، هیچ بەربەستێک لە بەردەم کردنەوەی فڕۆکەخانەکان نەماوە و ھەردوولا لە رووی مەبدەئییەوە لە سەر کردنەوەی فڕۆکەخانەکان و هەماهەنگی و شێوازی بەڕێوەبردنیان رێککەوتوون و گەیشتوونەتە ئەنجامی کۆتایی.

رۆژی هەینی 29ى ئه‌يلوول/ سێپتێمبه‌رى 2017 گەشتی نێودەوڵەتی لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی لەلایەن بەغداوە وەستێندرا و گه‌مارۆى ئاسمانی خرایە سەر هەرێمی کوردستان.