نێچیرڤان بارزانی گه‌یشته داڤۆس
له په‌راوێزی كۆڕبه‌نده‌كه‌دا له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك سه‌رۆك و سه‌ركرده‌ی وڵاتان كۆده‌بێته‌وه
K24 - هه‌ولێر:
نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان بۆ به‌شداریكردن له كۆڕبه‌ندى ئابووریى جیهان، به سه‌رۆكایه‌تیى شاندێك گه‌یشته داڤۆس له سویسرا
به گوێره‌ی وێبسایتی فه‌رمی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، هه‌ریه‌ك له قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران و ژماره‌یه‌ك له به‌رپرسانى دیكه‌ى هه‌رێمى كوردستان یاوه‌ری شانده‌كه ده‌كه‌ن.
وه‌ك وێبسایتی حكوومه‌تی هه‌رێمی بڵاویكردووه‌ته‌وه، ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ سێشهمه 23/1/2018 نێچیرڤان بارزانى، له‌گه‌ڵ سه‌رۆك، سه‌رۆك وه‌زیران، پاشا، سه‌ركرده‌كانى جیهان و میوانانى باڵاى كۆڕبه‌ندى ئابووریى جیهان له داڤۆس، به‌شدارى له ڕێوڕه‌سمى پێشوازى و خوانێكى ئێواره ده‌كات كه له‌لایه‌ن كڵاوس شواب دامه‌زرێنه‌رى كۆڕبه‌ندى ئابووریى جیهان و هیلدێ شوابى هاوسه‌رییه‌وه ڕێكخراوه.
بڕیاریشە لە پەراوێزی ئەو كۆڕبەندە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، چەندین دیدار و کۆبوونەوەی گرنگی ئەنجامبدات، لەو چوارچێوەیەشدا لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆکی وەزیرانی عێراق و عەبدولجەبار لعێبی وەزیری نەوتی عێراق کۆببنەوە.
كۆڕبەندی ئابووریی جیھان لە ساڵی 1971 لە لایەن كلاوس شواب، پرۆفیسۆری ئەڵمانی زانكۆی ژنێڤ دامەزرا، لە سەرەتادا ناوی (كۆڕبەندی بەڕێوەبەرایەتی ئەوروپا) بوو، ئامانجیشی كۆ كردنەوەی رێبەرانی ئابووری و سەرمایەدارانی ئەورووپا بوو، بەڵام دواتر لە ساڵی 1987 بۆ (كۆڕبەندی ئابووریی جیھان) گۆڕا و پڕۆگرامەكانی بۆ پلاتفۆرمی چارەسەركردنی ناكۆكییە جیھانییەكان فراوانتر كران.