ڤاڵڤێردی بۆ یارییه‌ زه‌حمه‌ته‌كه‌ی سبه‌ی بانگهێشتی كۆتینهۆی كردووه‌

به‌ فه‌رمی ڤاڵڤێردی پێكهاته‌ی یانه‌كه‌ی بۆ یارییه‌كه‌ی سبه‌ی راگه‌یاند

ڤاڵڤێردی راهێنه‌ری بارسێلۆنا پێكهاته‌ی یانه‌كه‌ی بۆ یارییه‌كه‌ی سبه‌ی له‌ جامی شا راگه‌یاند، له‌ نێو پێكهاته‌كه‌دا ناوی كۆتینهۆ و یێری مینا ده‌بیندرێن.

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، 24 جه‌نیوه‌ری 2018، بارسێلۆنا له‌سه‌ر پێگه‌ی یانه‌كه‌ی لیستی یاریزانه‌ بانگهێشتكراوه‌كانی بۆ یارییه‌كه‌ی سبه‌ی به‌رامبه‌ر ئیسپانیۆل بڵاو كرده‌وه‌.

ڤاڵڤێردی بۆ یه‌كه‌مجار بانگهێشتی هه‌ر دوو یاریزانی نوێی یانه‌كه‌ی (فلیپی كۆتینهۆ و یێری مینا) ده‌كات، ئه‌ندرێس ئینیێستاش دوای چاكبوونه‌وه‌ی له‌ پێكانه‌كه‌ی گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ پێكهاته‌كه‌ی.

به‌ گوێره‌ی پێگه‌ی موندۆ دیپۆرتیڤۆ سبه‌ی زیاتر له‌ 80 هه‌زار هانده‌ر له‌ كامپ نوو چاوه‌ڕوانی بینینی كۆتینهۆن له‌ پاڵ مێسی و ئینیێستا.

له‌ یاری گه‌ڕانه‌وه‌ی جامی شای ئیسپانیا، یانه‌ی بارسێلۆنا له‌ یاریگه‌ی كامپ نوو له‌ كاتژمێر 11:30ـی شه‌و میوانداریی یانه‌ی ئیسپانیۆلی هاوشاری ده‌كات، بارسا له‌ یاری چوون به‌ گۆڵێكی بێوه‌ڵام تووشی شكست بوو.