يه‌ڵدرم: هاوكاريكردنى يه‌په‌گه‌ ئه‌مريكاى زۆر بچووك كردووه‌ته‌وه‌

هێرشى سوپاى توركيا و فڕۆكه‌ جه‌نگييه‌كانى ئه‌و وڵاته‌ بۆ سه‌ر شارى عفرين له‌ رۆژئاواى كوردستان پێى ناوه‌ته‌ شه‌شه‌م رۆژييه‌وه‌

K24 – هه‌ولێر:

سه‌رۆكوه‌زیرانی توركیا، بن عه‌لى یڵدرم له‌باره‌ی هێرشى سوپاى وڵاته‌كه‌ى بۆ سه‌ر عفرين رایگه‌یاند، "هاوكاريكردنى يه‌په‌گه‌ ئه‌مريكاى زۆر بچووك كردووه‌ته‌وه‌".

هێرشى سوپاى توركيا و فڕۆكه‌ جه‌نگييه‌كانى ئه‌و وڵاته‌ بۆ سه‌ر شارى عفرين له‌ رۆژئاواى كوردستان پێى ناوه‌ته‌ شه‌شه‌م رۆژييه‌وه‌ و تا ئێستا هيچ ناوچه‌يه‌كى سنووره‌كه‌ له‌ لايه‌ن سوپاى توركياوه‌ ده‌ستى به‌سه‌ردا نه‌گيراوه‌ و سه‌رۆكى توركياش ئاشكرايكردووه‌، تا ئێستا 8 سه‌ربازى توركيا كوژراوون.

بن عه‌لى يه‌ڵدرم له‌ ميانه‌ى وتارێكدا كه‌ ئاراسته‌ى ئه‌ندامانى پارته‌كه‌ى كرد، گوتى: "ئێمه‌ له‌ ئێرانه‌وه‌ بۆ ده‌ریای ناوه‌ڕاست؛ به‌ درێژایی سنووری باشوورمان له‌گه‌ڵ عێراق و سووریا، به‌ درێژایی هه‌زار و 350 كلم رێگه‌ به‌ دروستبوونی هیچ رێكخراوێكی تیرۆریستی ناده‌ین. جا خۆرهه‌ڵاتی فورات بێت، یان خۆرئاوای فورات".

سه‌رۆكوه‌زیرانی توركیا باسی له‌ كاركردنی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ په‌یه‌ده‌دا كرد و گوتی، "له‌ڕاستیدا كاركردن له‌گه‌ڵ رێكخراوه‌ تیرۆرستییه‌كان و ئه‌نجامدانی كار و پلانه‌كانی ناوچه‌كه‌ له‌گه‌ڵ رێكخراوی تیرۆریستیدا، كارێكه‌ ئه‌مریكا زۆر بچووك ده‌كاته‌وه‌".

ئێواره‌ى رۆژى شه‌ممه‌ 20ى كانوونى دووه‌م/ يه‌نايرى 2018، كاتژمێر (05:00) هێرشى توركيا بۆ سه‌ر عەفرين له‌ ژێر ناوى "ئۆپراسيۆنى چڵه‌ زه‌يتون" و به‌ بۆمبابارانكردنى شاره‌كه‌ له‌ لايه‌ن فڕۆكه جه‌نگييه‌كانى توركياوه‌ به‌ ره‌سمى ده‌ستيپێكرد.

ئۆپراسيۆنه‌كه‌ وێڕاى به‌شدارى تانك و زرێپۆش و تۆپخانه‌كانى سوپاى توركيا و هێزى ئاسمانى ئه‌و وڵاته‌، به‌ ياوه‌رى ده‌يان هه‌زار له‌ چه‌كداره‌ ميليشياييه‌كانى "سوپاى سوورياى ئازاد" به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

سه‌رچاوه‌: ئه‌نادۆڵ