شه‌ڕی عه‌فرین سه‌ختتر ده‌بێت و ژماره‌ی قوربانیانی سڤیلیش له به‌رزبوونه‌وه‌دایه
شه‌ڕه‌كه سه‌خته به‌ڵام تائێستا سوپای توركیا نه‌یتوانیوه له‌ڕووی مه‌یدانییه‌وه پێشڕه‌وی بكات
K24- هه‌ولێر:
تادێت ژماره‌ی قوربانیانی ئۆپه‌راسیۆنی سوپای توركیا بۆ سه‌ر شاری عه‌فرینی رۆژئاوای كوردستان زیاتر ده‌بێت، به‌گوێره‌ی ئاژانسی سانا له سووریا، تائێستا 141 كه ته‌نیا له ریزه‌كانی سڤیل له‌و هێرشه‌ی سوپای توركیا له عه‌فرین و ده‌وروبه‌ری بوونه‌ته قوربانی.
وه‌ك ئه‌و ئاژانسه له سه‌رچاوه ناوخۆییه‌كانی عه‌فرین گواستۆته‌وه، سوپای توركیا گه‌ڕه‌كه سڤیل نشینه‌كانی عه‌فرین به جۆره‌ها چه‌ك تۆپباران ده‌كات، به‌و هۆیه‌شه‌وه جگه له زیانی گیانی، هه‌روه‌ها چه‌ندین خانووی هاووڵاتیان و شوێنه‌واری دێرینیشی له‌ناوبردووه.
سه‌رچاوه‌كان باسی ئه‌وه‌ش ده‌كه‌ن، سوپای توركیا له رۆژئاوای عه‌فرینه‌وه بۆردومانه‌كانی بۆ سه‌ر هه‌ردوو ناحیه‌ی بولبول و جندیرس چڕكردۆته‌وه.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، روانگه‌ی سووری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ له چالاكوانانی گواستۆته‌وه، شه‌وی رابردوو تۆپخانه‌كانی توركیا ناوچه سنوورییه‌كانی عه‌فرینیان به مووشه‌ك و چه‌كه قورسه‌كانی دیكه به‌چڕی بۆردومان كردووه. له‌كاتێكدا شه‌ڕ له‌نێوان یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل یه‌په‌گه و هێزه‌كانی به‌رگری ناوخۆیی له‌لایه‌ك و گروپه ئیسلامییه‌كانی ئۆپۆزسیۆن و هێزه‌كانی توركیا له‌لایه‌كی دیكه‌وه له ناوچه سنووریه‌كان به‌رده‌وامه. زۆرترین رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ش له‌ناوچه‌كانی بولبول و راجۆ له باكوور و باكووری رۆژئاوای عه‌فرین و ناوچه‌كانی شێخ حه‌دید و جندیرس تا گوندی حه‌مام له باشووری رۆژئاوای ئه‌و شاره ده‌گوزه‌رێن.
ئه‌و سه‌رچاوانه جه‌ختیش ده‌كه‌نه‌وه، شه‌ڕه‌كه هاوكاته له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامی هێرشه ئاسمانییه‌كانی فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر شاری عه‌فرین.
روانگه‌ی سووری بۆ مافی مرۆڤ بڵاویشیكرده‌وه، ته‌نیا له هێرش و بۆردومانه‌كانی شه‌وی رابردوودا، 32 هاووڵاتی سڤیل بوونه‌ته قوربانی و، تائێستاش به هه‌زاران كه‌س له سنووری ئه‌و شاره ئاواره بوونه. له‌كاتێكدا به‌ر له دوو رۆژ نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ئاواره‌بوونی 5000 كه‌سی له عه‌فرین و ده‌وروبه‌ری پشتڕاست كردبۆوه.
هه‌رچه‌نده ماوه‌ی 6 رۆژه سوپای توركیا ده‌ستی به‌و هێرشه كردووه، به‌ڵام به‌گوێره‌ی سه‌رچاوه‌كان، به‌هۆی به‌رگری توندی هێزه‌كانی یه‌په‌گه و هێزه ناوخۆییه‌كانی عه‌فرین، تائێستا نه‌یانتوانیوه له‌ڕووی مه‌یدانییه‌وه هیچ پێشڕه‌وییه‌ك به‌ره‌و ناو خاكی رۆژئاوای كوردستان بكه‌ن.