فەرماندەیەكی سوپای ئازاد لە عەفرین كوژرا

لەگەڵ سوپای توركیا بەشداری لە ئۆپەراسیۆنی سەر عەفرین كردووە

K24 - ھەولێر

ھێزەكانی سووریای دیموكرات (ھەسەدە) كوژرانی فەرماندەیەكی سوپای ئازادی سووریا كە لەلایەن توركیا پاڵپشتی دەكرێن، لە عەفرین راگەیاند و وێنەكەی بڵاودەكاتەوە.

ئاژانسی ھاوار، نزیك لە ھەسەدە، بڵاویكردەوە: "شەڕڤانانی سووریای دیموكرات لە عەفرین سەركردەیەكی فەیلەقی شامی سەربە سوپای ئازاد كە توركیا پاڵپشتیان دەكات كوشتووە بە ناوی مەحموود ئەدامس ناسراو بە ئەبو راكان".

بەپێی ئەو ئاژانسە: "ئەو فەرماندەی سوپای سووریای ئازادی پاڵپشتی كراو لەلایەن توركیا، لەكاتی ھێرشكردنە سەرعەفرین ھاوشانی سوپای توركیا، لەلایەن شەڕڤانانی ھەسەدە كوژراوە".

لە 20/1/2018، هێرشى توركيا بۆ سه‌ر عەفرين له‌ ژێر ناوى "ئۆپراسيۆنى چڵه‌ زه‌يتون" و به‌ بۆمبابارانكردنى شاره‌كه‌ له‌ لايه‌ن فڕۆكه جه‌نگييه‌كانى توركياوه‌ به‌ فەرمی ده‌ستيپێكرد.

ئۆپەراسيۆنه‌كه‌ وێڕاى به‌شدارى تانك و زرێپۆش و تۆپخانه‌كانى سوپاى توركيا و هێزى ئاسمانى ئه‌و وڵاته‌، به‌ ياوه‌رى ده‌يان هه‌زار له‌ چه‌كداره‌ ميليشياييه‌كانى "سوپاى سوورياى ئازاد" به‌ڕێوه‌ده‌چێت.