ئه‌مه‌ریكا: بۆ دامه‌زراندنی ناوچه‌ی ئارام له سووریا كار له‌گه‌ڵ توركیا ده‌كه‌ین
ئه‌مه‌ریكا له سووریا.. پشت له كورد و رووه و توركیایه
K24 - هه‌ولێر:
ریكس تیله‌رسن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ توركیا كار له‌سه‌ر دامه‌زراندنی ناوچه‌یه‌كی ئارام ده‌كات له باكووری رۆژئاوای سووریا.
تیله‌رسن جه‌ختی له‌وه كرده‌وه، واشنتن له‌گه‌ڵ ئه‌نقه‌ره و هه‌ندێك هێزی سه‌ر زه‌مین له ناوچه‌كه، لێكۆڵینه‌وه له چۆنیه‌تی سه‌قامگیری سنووره‌كانی باشووری توركیا ده‌كات، ئه‌مه‌ش وه‌ك وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ك بۆ ئه‌و "مه‌ترسییانه‌ی له‌سه‌ر ئه‌منییه‌تی سنووره‌كانی توركیا" هه‌یه، وه‌ك وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا باسی ده‌كات.
پێشتریش ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا رایگه‌یاند، ئۆپه‌راسیۆنی "چڵه زه‌یتوون" به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ رووسیا ئه‌نجامده‌درێت و ئامانجه‌كان دێنێته‌دی، ئه‌مه‌ش یه‌كه‌مجاره سه‌رۆكی توركیا به ئاشكرا باس له‌و هه‌ماهه‌نگییه بكات.
هاوكات هێزه‌كانی سووریای دیموكرات "هه‌سه‌ده" داوای له واشنتن كردووه، "به‌رپرسیارێتی خۆی" به‌رامبه‌ر به عه‌فرین به‌جێبهێنێت.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ش، به‌كر بۆزداغ، جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا داوای له ئه‌مه‌ریكا كردووه، هاوكارییه‌كانی بۆ هه‌سه‌ده و په‌یه‌ده رابگرێت ئه‌گه‌ر ده‌یه‌وێت كار له‌گه‌ڵ توركیا بكات.
ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه سوپای توركیا، له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌تیبه‌یه‌كی سوپای سووریای ئازاد، كه پاڵپشتییان ده‌كات، هێرشیا بۆ سه‌ر عه‌فرین ده‌ستپێكردووه و تا ئێستاش وڵاتانی زلهێز و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی، هیچ هه‌ڵوێستێكی جدییان له‌سه‌ر ئه‌و هێرشانه نه‌بووه.