خۆبه‌خشه ئه‌مه‌ریكی و به‌ریتانی و ئه‌ڵمانییه‌كان له دژی توركیا ده‌جه‌نگن
پێشتر له دژی داعش‌یش جه‌نگاون
K24 - هه‌ولێر:
به‌رپرسێكی باڵای هاوپه‌یمانی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات (هه‌سه‌ده)، رایگه‌یاند، خۆبه‌خشه ئه‌مه‌ریكی و به‌ریتانی و ئه‌ڵمانییه‌كان كه له ریزی هاوپه‌یمانێتییه‌كه له دژی داعش جه‌نگاون، ئێستا له عه‌فرینن و له دژی سوپای توركیاش ده‌جه‌نگن.
رێدوور خه‌لیل، به‌رپرسی باڵای سه‌ربازی هه‌سه‌ده رایگه‌یاندووه، ئه‌و خۆبه‌خشانه ویستی خۆیان ده‌ربڕیوه بۆ ئه‌وه‌ی له عه‌فرین هاوشانی شه‌ڕڤانان له دژی توركیاش بجه‌نگن، وه‌ك چۆن له ره‌ققه و دێره‌زوور له دژی داعش به‌شداری شه‌ڕه‌كانییان كردووه.
رێدوور خه‌لیل ره‌تیكرده‌وه كاتی گه‌یشتنی ئه‌و چه‌كدارانه بۆ عه‌فرین ئاشكرا بكات، به‌ڵام روونیكرده‌وه ژماره‌یان به ده‌یان چه‌كدار ده‌خه‌مڵێندرێت و گوتی: "له دژی توركیاش ده‌جه‌نگن".
له باره‌ی ژماره‌ی ئه‌و شه‌ڕڤانانه‌ی له ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوو كوژراون، رێدوور خه‌لیل گوتی: "به‌ڵێ شه‌هیدمان هه‌یه، به‌ڵام ئاماره‌كان ئاشكرا ناكه‌ین".
له‌شكركێشی توركیا بۆ سه‌ر عه‌فرین، ماوه‌ی 5 رۆژه ده‌ستیپێكردووه و توركیا ناوی ناوه ئۆپه‌راسیۆنی چڵه زه‌یتوون، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی چڵه زه‌یتوون هێمای ئاشتییه, به‌ڵام توركیا بۆ ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی به‌كاری ده‌هێنێت.