هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی سوریای دیموکرات: پشتگیری عه‌فرین بكه‌ن

داوا له‌ گه‌لانی جیهان ده‌كات هێرشه‌كانی توركیا رابگرن

K24 - هه‌ولێر:

ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی سوریای دیموکرات بانگەوازیی گەلانی ده‌كات بۆ پشتگیرییکردنی عەفرین و رێگریكردن له‌ هێرشه‌كانی سوپای توركیا بۆ سه‌ر شاره‌كه‌.

ئیلهام ئەحمەد سەبارەت بە هێرشە ئاسمانییەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر عەفرین، ئەمڕۆ بە ئاژانسی هەواڵی هاواری ڕاگەیاندووە: مەبەست لە هێرش بۆ سەر عەفرین تێکدانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریی سیاسییە لە سوریا.

هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی سوریای دیموکرات وتی: "عەفرین شوێنی مانەوەی سەدان هەزار پەنابەرە، شوێنێکی ئارامە بەڵام ئێستا لەژێر هەڕەشەدایە".

ئیلهام ئەحمەد بانگەوازیی بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی کرد و داوای لێکردن تورکیا بوەستێنن لە پێشێلکارییەکانی بۆ سەر عەفرین.

هه‌روه‌ها گوتی: "پێویستە هەموو گەلانی جیهان لە دژی هێرش بۆ سەر عەفرین بڕژێنە سەر شەقامەکان و فشار بخەنە سەر رووسیا و ئەمریکا، بۆ ئەوەی تورکیا بوەستێنن".

سوپای توركیا له‌ بۆردومانكردنی ده‌وروبه‌ری عه‌فرین به‌رده‌وامه‌ و به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانیش هێرشی زه‌مینی له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌تیبه‌یه‌كی سوپای ئازادی سووریا، كه‌له‌لایه‌ن توركیاوه‌ پاڵپشتی ده‌كرێن، ده‌ستی پێكردووه‌.